قوباد تاڵەبانی: گرنگە خەڵک تێبگەن لە هەڵبژاردندا دەنگ بە کێ دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازێت کە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ''هێمنانە'' بەڕێوەبچێت و دەشڵێت، ''هیوادارم خەڵک بزانن کە بۆچی گرنگە لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار بن.''
ئەمڕۆ هەینی 03-10-2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کردنەوەی حەوتەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "گرنگە خەڵک بزانن دەنگ بە کام لایەن دەدەن.''
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، ''پێموایە ئەگەر خەڵک بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندن بکەن، دەزانن کێ کاریگەرە لە بەغدا و کێ تەماشاکەرە.''
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەمڕۆی وەک رۆژی یەکەمی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکردووە. بەگشتی سێ ملیۆن و 888 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن. بەگوێرەی کۆمیسیۆن، لەو ژمارەیە، سێ ملیۆن و 69 هەزار کەس کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووە و دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنەکە بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.