کۆچ و کۆچبەران گەڕاندنەوەی دوایین کاروانی عێراقییەکانی هۆل رادەگرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕاندنەوەی دوایین کاروانی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل رادەگرێت، بە پاساوی ئەوەی ناتوانرێت بەهۆى قەرەباڵخیەوە لە کەمپی جەدعە لەنەینەوا جێگەیان بکرێتەوە.
 
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند، وەزارەتەکەی گەڕاندنەوەی دوایین کاروانی عێراقییەکانی کەمپی هۆڵی راگرتووە کە بڕیار بوو بگەڕێنرێنەوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا کەمپی جەدعە لە نەینەوا کە خێزانەکانی بۆ دەگوازرێنەوە زۆر قەرەباڵخە.
 
بڕیار بوو کاروانی ژمارە 30ی کەسوکاری چەکدارانی داعش کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2025 بگەڕێنرێنەوە. عەلی جەهانگیر گوتی: "ئێمە ژمارەی ئەندامانی ئەو خێزانانەمان پێنەگەیشتووە، بەڵام لەنێوان 150 بۆ 200 خێزان دەبن."
 
کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان، دەبرێنە کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا بۆ ئەوەی پرۆسەی شیاندنەوەیان بۆ بکرێت بەر لەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ئێستا کەمپەکە زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەسی تێدایە و پێویستە هەندێکیان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان تاوەکو بتوانێت ئەو کاروانە نوێیەی عێراقییە گەڕاوەکان لە خۆ بگرێت.
 
تائێستا زیاتر لە 19 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆڵەوە گەڕێندراونەتەوە و نزیکەی پێنج هەزاریش لە کەمپەکە ماون.