بەهۆی بێئاوی و وشکەساڵی جووتیارانی پیرانشار زووتر لە وادەی خۆی چەوەندەرەکانیان هەڵدەگرنەوە
رووداو دیجیتاڵ
جووتیاران لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم ساڵ زووتر دەستیان بە کۆکردنەوەی بەرهەمی چەوەندەرەکانیان کردووە، ئەوەش بەهۆی کەمئاوی و وشکەساڵییەوەیە.
ئیسماعیل قادرنەژاد، جووتیار دەڵێت، "ئەم چەوەندەرە ئێستا هی ئەوە نییە هەڵیگرینەوە. مانگێکی دیکەی پێویست بوو، دوو جاری دیکە ئاودرابا، زۆر باش دەبوو."
ئەم ساڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رووبەڕووی کێشەی گەورەی کەمئاوی بوونەوە. بەهۆی وشکەساڵی و کەمئاوی، جووتیاران زووتر لە کاتی خۆی دەستیان بە هەڵگرتنی چەوەندەر کردووە.
قادرنەژادی جووتیار باسی لەوە کرد، "کێشەی ئاو هەیە، ئاوەکە نایەت، لەبەر ئەوەی ئاوی بەنداوەکە کەم بووەتەوە. بە ئێمەشیان گوتووە، چەوەندەرەکەتان کۆبکەنەوە. ماڵیان ئاوەدان بێت و هەر لێمان وەردەگرنەوە. هیچ کێشەیەکیش نییە."
حەسەن رەحمانزادە، جووتیار گوتی، "کاناڵەکە ئاوەکەی کەم بووەتەوە، ئاوەکەی زۆر دابەزیوە. ئەم ناوچەیە نزیکەی مانگێکە ئاو نەدراوە. مانگێکی رێکە ئەم چەوەندەرە ئاو نەدراوە، چونکە ئاو نییە. بەنداوەکان ئاویان زۆر دابەزیوە، بێ ئاوییش کاریگەریی زۆری هەبووە."
کارگەکانی شەکریش بەهۆی نیگەرانییان لە بڕینی گاز و کارەبا داوایان لە جووتیاران کردووە، زووتر دەست بە هەڵگرتنی چەوەندەرەکانیان بکەن و رادەستیان بکەن.
حەسەن رەحمانزادە، جووتیار باس لەوە دەکات، "ئەم ساڵ کارخانە (کارگە) بڕێک زووتر دەستی بە وەرگرتنی چەوەندەر کردووە، لەبەر ئەوەی دەڵێن، گاز و کارەبامان لەسەر دەبڕنەوە. گوتیان چەوەندەرەکەتان هەندێک زووتر بهێنن. ئەگەر هەندێکی دیکە بمابوایە، چەوەندەرەکە باشتر دەبوو و هەمیش بڕەکەی زۆرتر دەبوو."
بەشێکی بەرهەمی چەوەندەری پیرانشار دەدرێتە کارگەی شەکری شارەکە، ئەوەی دیکەش بۆ پێنج کارگەی دیکەی شەکر لە شارەکانی ورمێ، مهاباد، نەغەدە، خۆی و میاندواو لە پارێزگای ورمێ دەنێردرێت.
محەممەد تاهیر، شۆفێری بارهەڵگر ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستا دۆخی کارگەکە زۆر باشە، ئەگەر چەوەندەرەکەیان کۆگە کرابوایا، دەکرا رۆژی دوو جار بار بکرێت. ئێستا ئەگەر بار بکرێت، بە دوو کاژێر نۆرەت دێت. ئەو کارگەیە بۆ ناوچەکەمان زۆر باشە، بۆ جووتیاران و بۆ ئێمەش. لەجیاتی ئەوەی ئێمە بڕۆین بۆ مەشهەد یان ورمێ، دەچین لەو نزیکە رادەست دەکەین و رێگەکەش زۆر نزیک و خۆشە. ئێمەش رازین و جووتیارەکەش رازییە."
ئەم ساڵ لە رووبەری 7800 هێکتار لە زەوییە کشتوكاڵییەکانی پیرانشار چەوەندەر چێندراوە. پیرانشار لە بەرهەمهێنانی چەوەندەر لەسەر ئاستی پارێزگای ورمێ بە پلەی یەکەم دێت و پێشبینی دەکرێت، بەرهەمی شارەکە ئەم ساڵ زیاتر لە 500 هەزار تۆن بێت.