لە 21 بەربژێری سەربەخۆ، 7یان لە هەرێمی کوردستانن
رووداو دیجیتاڵ
لە شەش پارێزگای عێراق هیچ بەربژێرێکی تاک (سەربەخۆ) نییە، 33.3%ی ئەوانەی وەکو تاک خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردووە، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن.
21 بەربژێر وەک تاک (سەربەخۆ) بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەکەن، کە بڕیارە رۆژی 11-11-2025 بکرێت.
لەو ژمارەیە حەوت بەربژێر لە هەرێمی کوردستانن، (چوار بەربژێر لە سلێمانی، دوو لە هەولێر و بەربژێرێکیش لە دهۆک)، کە دەکاتە 33.3%ی تێکڕای بەربژێرە تاکەکان لە عێراق.
حەسەن زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بردنەوەی بەربژێری تاک پشت بە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ دەبەسترێت کە بتوانێت رکابەری بەربژێرە براوەکان بکات، بەوپێیەی پشت بە سیستمی سانت لیگۆ 1.7 دەبەسترێت لە هەژمارکردنی دەنگەکان."
زۆرترین بەربژێری تاک لە پارێزگای بەغدایە کە پێنج بەربژێرن، دیالە دوو بەربژێری تاکى تێدایە. هەر یەک لە پارێزگاکانی دیوانیە، نەینەوا، نەجەف و بابل، کەربەلا، و میسان یەکی یەک بەربژێری تاکیان تێدایە.
پارێزگاکانی ئەنبار و واست و سەلاحەددین و بەسرە و زیقار و موسەننا هیچ بەربژێرێکی تاکیان تێدا نییە.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە رووداوی راگەیاند: "لەسەر سیستمی ئێستای هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق چانسی سەرکەوتنی بەربژێری سەربەخۆ کەمە و دەبێت رکابەری دەنگی لیستەکان بکات، کە چەندین بەربژێری تێدایە."
لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 پشت بە سیستمێکی زۆرینە بەسترا کە هەر بەربژێرێک زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت سەرکەوتوو دەبوو، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە سیستمی سانت لیگۆ وادەکات کە دیاریکردنی نرخی کورسی لەلایەن لیستە بەهێزەکانەوە بێت و ئەو سیستمە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە.
لە هەڵبژاردنی رابردوودا 43 بەربژێری تاک گەیشتنە پەرلەمان، بەڵام بەشێکیان لەلایەن دەنگدەرانی حیزبەکانەوە پشتگیری کران و دەرچوون.