پارێزگاکان: کەژاوەی ئۆتۆمبێل بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەخەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رێوشوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنیان دیاریکرد و رایانگەیاند، کەژاوەی ئۆتۆمبێل و ئاستەنگکردنی شەقامەکان قەدەخەن و ناشبێت فەرمانگەکانی حکومەت بۆ بانگەشە بەکاربهێندرێن. چالاکڤانێک دەڵێت، 6 هەزار و 300 چاودێری رێکخراوەکان پێشێلکارییەکان تۆمار دەکەن.
 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتیی پارێزگارەکان، سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان پێکدەهێنرێت کە لە نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا لەسەر بابەتی هەڵبژاردن کۆدەبنەوە. لە پارێزگاکانیش لیژنە بە سەرۆکایەتیی پارێزگار پێکهێنراوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەو لایەن یان بەربژێرەی کە پۆستەرێک دابنێت و ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییەک، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر و هاووڵاتییەکە دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات.''
 
بەگوتەی ئومێد خۆشناو: ''هەر ئۆمبێلێک لەکاتی بانگەشەدا ببێتە هۆی قەرەباڵخی یان تابلۆکانیان بە پۆستەری بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان بشارنەوە، رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، هەروەها نابێت یەکدی شکاندن بۆ بانگەشە بەکاربهێنرێت.''
 
هەروەها لە راگەیێندراوێکدا بە ناوی "فەرمانی کارگێڕی"، شەوی رابردوو پارێزگای سلێمانی چەند خاڵێکی بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە کە ئەمانەن:
 
- پێویستە هەموولایەک پابەندی یاسا، بڕیار و رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ بن.
 
- پێویستە هەموو بەربژێر، قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان و هەوادارەکانیان بە شێوازێکی مەدەنیانەی دوور لە تووندوتیژی و بەریەککەوتن، بە پاراستنی تەواوی ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی گشتییەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بکەن.
 
- هەڵگرتنی چەک و دیاردەی چەکداری و نمایشی سەربازی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا قەدەخەن.
 
- کاروان و کەژاوەی لەدوای یەک و درێژی ئۆتۆمبێل، کە ببنە مایەی تێکدانی هاتووچۆی گشتی و گرتنی رێگە و شەقامەکان، قەدەخەن.
 
-پابەندی تەواوی رێنمایی و رێکارەکانی سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی و شارەوانی یەکە کارگێڕییەکان و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بن.
 
- نابێت هیچ بانگەشەیەکی هەڵبژاردن لە فەرمانگە حکومییەکاندا بکرێت و نابێت هیچ کەلوپەل و کەرەستەیەکی ماڵیی و دارایی و شوێنێکی حکومەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەکاربهێنرێت.
 
هەر لەبارەی هەڵبژاردنەوە، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "پێویستە هەموو لایەک پابەندی تەواوی یاسا و رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بن".
 
پارێزگاری هەڵەبجە گوتی: "چاودێریی وردی بێلایەنیی تەواوی دامودەزگە حکومییەکان دەکەین و رێگە بە هیچ جۆرە بەکارهێنانێکی ئیمکاناتی گشتی نادرێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن".
 
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ کە ئەندامن لە تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "6 هەزار و 300 چاودێر لە  هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا چاودێریی پرۆسەکە دەکەن کە ئێمەش بەشێکین تێیدا".
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ دەشڵێت: "رۆژانە چاودێرەکانمان لێدوان و بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمار دەکەن، هەر بانگەیەشەیەک لەگەڵ یاساکانی کۆمیسیۆن نەگونجێت وەکو پێشێلکاری هەژمار دەکرێت".
 
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، کە بڕیارە 11ـی مانگی داهاتوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
 
پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.