ئاڵا تاڵەبانی روونکردنەوەیەک لەبارەی سزادانەکەی بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی دوورخراوەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەوەیەک لەبارەی سزادانەکەی بڵاودەکاتەوە دەڵێت سزادانەکەی دەچێتە نێو دەفتەری "سەربەرزی و سەروەرییەکان"ییەوە.
شەوی سێشەممە 02-11-2021 بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی و ئاڵا تاڵەبانی، شادومان مەلا حەسەن و ژینۆ محەممەد، ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی لە ریزەکانی یەکێتی دوورخرانەوە، هەروەها ئاراس شێخ جەنگیش سڕکرا.
دوای دوورخستنەوەی، ئاڵا تاڵەبانی ئەمڕۆ چوارشەممە 03-11-2021 روونکردنەوەیەکی لە فەیسبووکەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "دوو جار لە کەرکوک لە لایەن حیزبی بەعسەوه سزای سیاسی دراوم لەبەر بیر و بۆچوونی سیاسیم کە ئەندامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان/کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بووم. هەرچۆن ئەو دوو سزایە چوونە دەفتەر سەروەرییەکانمانەوە ئێستاش ئەم سزایە هەر وەک ئەوانەی دیکە دەچێتە دەفتەری سەربەرزی و سەروەرییەکانمانەوە، چونکە هیچ کات ملکەچی ئيرادەی به زۆر خۆسەپاندن و زوڵم و ناعەدالەتی نابمەوە".
دوای کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، ئەو حیزبە لیژنەیەکی پێکهێنابوو بۆ بەدواداچوون بۆ کێشەکان، ئەو لیژنەیە لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی لە شارەکانی سلێمانی، کەرکووک و هەولێر کۆبووەوە و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی گەیاندە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە و ئەو بڕیارانەی دەرکرد. سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، کەیسی دوورخستنەوەی ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتیی یەکێتی جیاوازە لە کەیسی لاهوور شێخ جەنگی.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتیی یەکێتی کە دوورخراونەتەوە بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە 10-10-2021 بەڕێوەچوو، لەگەڵ یەکێتی نەبوون.
شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی دوورخراوەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە راگەیاندنەکانەوە بیستوومانە کە بڕیاری دوورخستنەوەمان دراوە، تاوەکو ئێستا دڵنیانین لەوەی کە ئەو بڕیارە فەرمییە یان نا، ئەگەر بڕیارەکە درابێ، ئێمەش بێدەنگ نابین و هەڵوێستی خۆمان دەبێ".
رۆژی 28-08-2021 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری دا لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماوەی 72 کاژێردا هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت و تاوەکو دوو هەفتە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 10ی ئۆکتۆبەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەگەڕێتەوە، بەڵام لاهوور شێخ جەنگی پابەندی بڕیارەکە نەبوو.
دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، سکرتێری پێشووی یەکێتی، چەندین کێشە رووی کردە ئەو حیزبە، سەرکردایەتیی حیزبەکەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکەی لە 21-12-2019 سازکرد و سیستەمی هاوسەرۆکیان پەسندکرد و بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بوونە هاوسەرۆک.