رۆژ و شوێنی بەستن و ژمارەی نوێنەرانی هەر 14 کۆنگرەکەی پارتی
رووداو دیجیتاڵ
دوای 12 ساڵ لە نەبەستنی کۆنگرەی حیزبەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3-11-2022 پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی 14ـەم دەبەستێت. کۆنگرەی ئەمجارە بۆ یەکەمجار لە شاری دهۆک دەبێت.
لە کۆنگرەکەدا کە کۆنگرەی چواردەی حیزبەکەیە، زیاتر لە 1000 نوێنەر بەشدارن و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. ئەمەی خوارەوە زانیارییە لەبارەی کۆنگرەکانی پارتی تاوەکو
کۆنگرەی یەکەم
کۆنگرەی یەکەم لە 16ـی ئابی 1946 لە شاری بەغدا بەشێوەی نهێنی لە ماڵی سەعید فەهیم بوو و تێیدا 70 ئەندام بەشدارییان کرد؛ لەو کۆنگرەیەدا بەهۆی سەرقاڵبوونەوە بە داکۆکی لە کۆماری کوردستان، مستەفا بارزانی ئامادە نەبوو. لەو کۆنگرەیەدا پەیڕەو و پڕۆگرام پەسند کرا و ناوی حیزبیش کرایە پارتی دیموکراتی کورد.
کۆنگرەی دووەم
کۆنگرەی دووەمی پارتی لە ئاداری ساڵی 1951 لە شاری بەغدا لە ماڵی عەلی حەمەد بەسترا و تێیدا 30 ئەندام بەشدارییان کرد؛ کۆنگرەکە لە دۆخێکی نهێنی و خۆپارێزیدا بوو و سەرکردایەتییەکی کاتیش بۆ حیزب دانرا.
كۆنگرهی سێیەم
كۆنگرهی سێیهمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 26-1-1953 له شاری كهركووك بەسترا؛ تێیدا نزیکەی 40 نوێنەر ئامادە بوون. ناوی حیزب گۆڕدرا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و رێکخراوەکانی قوتابییان، ژنان و لاوان دامەزران.
كۆنگرهی چوارەم
کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 4 تاوەکو 7ـی ئۆکتۆبەری 1959 لە شاری بەغدا لەماڵی کاکە زیاد و بە ئامادەبوونی نزیکەی 130 ئەندام بەسترا؛ کۆنگرەکە دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی بوو لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە. ئەوە یەکەم کۆنگرە بوو کە مستەفا بارزانی تێیدا بەشدار بێت.
كۆنگرهی پێنجەم
کۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئایاری 1960 لە بارەگای پارتی لە بەغدا و بە ئامادەبوونی 148 ئەندام بەسترا؛ کۆنگرەکە ماوەیەک پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بوو و 5 رۆژی خایاند. دۆخی پارتی خراپ بوو.
كۆنگرهی شەشەم
کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان له سهرهتای مانگی تهمموزی 1964 لە قەڵادزێ بەسترا؛ دۆخی کۆنگرە لە کاتێکدابوو، کە شۆڕش و حکومەتی عێراق لە دۆخی ماوەیەک شەڕ و ماوەیەک ئاگربەستدا بوون. لە کۆنگرەکەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران.
کۆنگرەی حەوتەم
كۆنگرهی حهوتهمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 15-11-1966 له گهڵاڵه و بە ئامادەبوونی 370 ئەندام بهسترا؛ هاوشێوەی کۆنگرەکەی پێش خۆی، دۆخی کۆنگرەکە لەکاتێکدابوو، کە شۆڕش و حکومەتی عێراق لە دۆخی ماوەیەک شەڕ و ماوەیەک ئاگربەستدا بوون. هەندێک دەستکاری لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزب کرا؛ بۆ نموونە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە پێنج کەسەوە بوونە حەوت کەس.
کۆنگرەی هەشتەم
كۆنگرهی ههشتهم لە 1ـی تەمموزی 1970 له ناوپردان به ئامادهبونی 488 نوێنهر بهسترا؛ کۆنگرەکە فراوانترین کۆنگرەی پارتی بوو لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی 11ـی ئادار. بۆ یەکەمجار ژمارەیەکی زۆر ژن بەشداریانکرد؛ هەروەها نێردراوی چەندین حیزب بەشدارییان کرد.
کۆنگرەی نۆیەم
کۆنگرەی نۆیەم لە 4ـی ئۆکتۆبەری 1979 له زێوهی دهڤهری مهرگهوهڕ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بهسترا؛ کۆنگرەکە یەکەمین کۆنگرەی پاش نسکۆی ساڵی 1975 بوو، هەروەها دوای کۆچی دوایی مستەفا بارزانی بوو؛ لە کۆنگرەکەدا به زۆرینەی دەنگ سەرۆک مەسعود بارزانی به سهرۆكی پارتی ههڵبژێردرا.