سەرۆک بارزانی بۆ ئەندامانی کۆنگرە: حەز ناکەم مردن لە یەکمان جیابکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی دەڵێت، نایەوێ لە پۆستی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی گیان لەدەستدەدات و ئاماژە بەوەش دەکات، هەمیشە پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لەنێوان خۆی و ئیدریس بارزانییدا هەبوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3-11-2022، سەرۆک بارزانی لە میانی پێشکێشکردنی گوتارەکەیدا لە کۆنگرەی پارتی قسەی بۆ ئەندامانی کۆنگرەکە کرد و گوتی: "گەورەترین و پیرۆزترین ناو و ئەرک بریتییە لە پێشمەرگایەتی. من پێشمەرگەم".
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەو کەسانە نییە بیەوێت تاوەکو لە ژیاندایە هەر سەرۆکی پارتەکە بێت و رایگەیاند: "حەزناکەم مردن من لە ئێوە جیابکاتەوە؛ دەمەوێ پێش ئەوە پێتان بڵێم ماڵئاوا".
سەرۆک بارزانی تیشکی خستەسەر ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنێوان خۆی و ئیدریس بارزانییدا هەبوو و گوتی: "جەنابی بارزانی پێش ئەوەی وەفات بکات، وەسیەتی لای من و کاک ئیدریس کرد و گوتی، دەبێ ئێوە یەک گیان بن لە دوو جەستەدا. سوپاس بۆ خودا ئێمە وەسیەتەکەی ئەومان بەجێگەیاند. نەک وەک یەک گیان لە دوو جەستەدا، هەموو کاتێک من ئامادەبووم خۆم لەجێی کاک ئیدریس دابنێم و لەجیاتی ئەو بم. قەدەر بەدەست مرۆڤ نییە و بەدەست خودایە، ئەگینا هەڵبژاردن بەدەست من با، من خۆم لەجێگەی کاک ئیدریس دادەنا بۆ ئەوەی من بڕۆم و کاک ئیدریس بمێنێت، بەڵام بەدەست من نەبوو".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی پێشنیازی بۆ ئەندامانی کۆنگرە کرد بۆئەوەی نێچیرڤان ئیدریس بارزانی وەک جێگری سەرۆکی حیزبەکە پەسند بکەن و ئەوانیش پەسندیان کرد.
گوتارەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
خوشک و برایان و هەڤاڵانی بەڕێز
پر بەدڵ سوپاستان دەکەم بۆ ئەم متمانەیە؛ شەرەفێکی گەورەیە کە من لە خزمەتی ئێوەدابم، بەڵام حەزدەکەم لە دڵەوە پێتان بڵێم، من هەرشتێک بم، لای من گەورەترین و پیرۆزترین ناو و ئەرک پێشمەرگایەتییە و من پێشمەرگەم.
من لەو کەسانە نیم کە تا ئەوکاتەی دەمرێت حەز بکات سەرۆک یان بەرپرس بێت. حەزم دەکرد ژینگە و دۆخێکی وەها لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دروستبووبا، لەم کۆنگرەیەدا داوای مۆڵەتم لە ئێوە کردبا. لەبەرئەوەی هەموو دەستپێکێک کۆتاییەکی هەیە؛ هەموو مرۆڤێک ئینجا چەند گەورەبێت و لە هەر پلەوپایەیەکدابێت، لە ئەنجامدا رۆژێک دێت و هەر بەجێتان دەهێڵێت. منیش مرۆڤێکم وەک هەریەک لەو مرۆڤانە؛ بمانەوێ و نەمانەوێ، رۆژێک کە خودا ئیرادەی تەواوبوو، من جێتان دەهێڵم. بۆیە ئەوە بە ئاسایی وەربگرن، بەڵام پشتبەخودا لە کۆنگرەی داهاتوو ئەگەر زووتریش بیکەین، من بتوانم ئەو ئەمانەتە رادەستبکەم، چونکە حەزناکەم مردن من لە ئێوە جیابکاتەوە؛ دەمەوێ پێش ئەوە پێتان بڵێم ماڵئاوا. بەڵام ئێستا بۆ ئەوەی بەردەوامبین، پارتیش بەردەوامبێت، لەبەرئەوەی واتان پێخۆشە، من سوپاستان دەکەم و لە خزمەتی ئێوەدا دەبم.
هەڤاڵان، هەر مرۆڤێک لە جیهاندا هەندێک تایبەتمەندی خۆی هەیە؛ ئێمەش هەندێک تایبەتمەندی خۆمان هەیە. جەنابی بارزانی پێش ئەوەی وەفات بکات، وەسیەتی لای من و کاک ئیدریس کرد و گوتی، دەبێ ئێوە یەک گیانبن لە دوو جەستەدا. سوپاس بۆ خودا ئێمە وەسیەتەکەی ئەومان بەجێگەیاند. نەک وەک یەک گیان لە دوو جەستەدا، هەموو کاتێک من ئامادەبووم خۆم لەجێی کاک ئیدریس دابنێم و لەجیاتی ئەو بم. قەدەر بەدەست مرۆڤ نییە و بەدەست خودایە، ئەگینا هەڵبژاردن بەدەست من با، من خۆم لەجێگەی کاک ئیدریس دادەنا بۆ ئەوەی من بڕۆم و کاک ئیدریس بمێنێت، بەڵام بەدەست من نەبوو. ئێستاش هەروەکو لە گوتارەکەمدا باسم کرد، پیرۆزبایی لە ئێوە و هەموو لایەنگران و هەموو دڵسۆزانی گەلەکەمان دەکەم کە کۆنگرەکەمان کۆنگرەیەکی تایبەتی دەبێت و لە هەمان کاتیشدا سەرەخۆشی لەوانە دەکەم کە خۆیان ئامادەکردبوو بۆ ئەوەی فاتیحە بۆ پارتی بخوێنن.
بۆ ئەوەی دۆخەکە رێکوپێکتربێت و بتوانین ئیشوکارەکان بەڕێوەببەین، منیش پێشنیاز بۆ ئێوە دەکەم، کە نێچیرڤانی کوڕی کاک ئیدریس وەکو جێگری سەرۆکی پارتی پەسند بکەن.
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و پشت بە خودا کۆنگرەیەکی تایبەتمان دەبێت.