سەرۆکی پارتی و دوو جێگری لە کۆنگرەی 14 هەڵبژێردران
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە و هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەمی هەڵبژێردران.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوای ئەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرایەوە، پێشنیازی ئەوەی کردووە کە جارێكی دیکە نێچیرڤان بارزانی بکرێتە جێگری سەرۆکی پارتی.
پاشان نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکێشکردووە و پێشنیازی ئەوەی کردووە کە مەسرور بارزانی بکرێتە جێگری سەرۆکی پارتی. بەو شێوەیەش مەسرور بارزانی وەکو جێگری دووەم هەڵبژێردراوە.
ئەوە یەکەمجارە لە پارتیدا دوو جێگر بۆ سەرۆکی حیزبەکە دیاری دەکرێت، بۆیە دەبێت لە پەیڕەوی نێوخۆ دەستکاری ئەو بابەتە بکرێت.
لەبارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک و جێگرانی حیزبەکە ئومێد خۆشناو، ئەندامی کۆنگرەی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەسەڵاتی سەرۆک و جێگرانی، مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لە نێو پەیڕەودا دیاریکراوە و دواتر دەخرێتە دەنگدان و دەنگی لەسەر دەدرێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پارتی، فۆرمێک دابەشکراوە بەسەر ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبەکە، چاوەڕێ دەکرێت سبەی ئەندامانی سەرکردایەتی هەڵبژێردرێن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، 180 کەس بەربژێرن بۆ بوونە ئەندامی سەرکردایەتی کە 40ـیان بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێردرێن.
رۆژی پێنجشەممە 03-11-2022 دوای 12 ساڵ کۆنگرەی 14ـی پارتی بەبەشداریی 1020 نوێنەر و ئەندام لە دهۆک دەستیپێکرد و بڕیارە سێ رۆژ بخایێنێت.