قایمقامی چوارتا: ئەمڕۆ لە سنوورەکەمان هیچ بۆردوومانێک نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بە ئاسمانی بەشێکی سنووری سلێمانی سووڕایەوە. قایمقامی قەزای چوارتا دەڵێت، لە هیچ بۆردوومانێک ئاگادارنەکراونەتەوە. بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکیش دەڵێت، درۆنەکە بایراکتار بووە.
ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی دووەمی 2023، دیمەنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بڵاوکرایەوە کە لە راست و چەپییەوە دووکەڵی لێ دەردەچێت.
زۆرینەی بۆردوومانەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی سنووری پارێزگای سلێمانی لە دەڤەری شارباژێر بوون و ئەنجامدەری زۆربەیان تورکیاوە بووە. شاهۆ عوسمان، قایمقامی قەزای چوارتا لە شارباژێڕ ئەمڕۆ هەینی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە سنوورەکەمان هیچ بۆردوومانێک نەبووە و هیچ کەسێکیش لە هەبوونی بۆردوومان ئاگاداری نەکردووینەتەوە."
هەر لەوبارەیەوە کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، کە رێکخراوەکەی بەدواداچوون بۆ بۆردوومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماری قوربانییەکان کۆدەکاتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوەی ئەمڕۆ بینراوە "فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بایراکتاری تورکی بووە و بۆردوومانی هیچ شوێنێکی نەکردووە."
لەبارەی ئەو دووکەڵەی لە فڕۆکەکەوە دەردەچێت، کامەران عوسمان گوتی، پێکهاتەی فڕۆکەکە بەشێوەیەکە، کاتێک بزانێت چاودێری دەکرێت یان هەوڵی بە ئامانجکردنی دەدرێت، دوو کڵپە دەردەکات بە ئامانجی سەرلێشواندنی ئەو شوێن و دەزگایەی دەیەوێت بیکاتە ئامانج.
کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیان، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە لە ئاسمانی گەڕەکی قڕگەی سلێمانی بووە کاتێک ئەو "کڵپانەی کردووە."
لەماوەی رابردوودا سوپای تورکیا بە پاساوی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەند جارێک دەڤەری شارباژێڕی لە سنوورەکە بۆردوومان کردووە.