بازرگانیی دهۆک: 60%ی حەوتەم بەشەخۆراک دابەشکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی دهۆک دەڵێت، 6 بەشەخۆراکیان بە تەواوی دابەشکردووە و ئێستا 60%ـی بەشەخۆراکی حەوتەمیان تەواو کردووە، هاوکات ئاشکرای دەکات گەورەترین کێشەیان کەمیی کۆگەیە بۆ هەڵگرتنی خۆراک.
رۆژی یەکشەممە، هەجەر تاهیر عەلی، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 6 بەشەخۆراکمان بەتەواوی دابەشکردووە و ئێستا خەریکی دابەشکردنی بەشەخۆراکی حەوتەمین، کە 60%ی پرۆسەکە تەواو بووە."
بەڕێوەبەری بازرگانیی دهۆک پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 8 بەشەخۆراک دابەش بکرێت، لە کاتێکدا پار 10 بەشەخۆراک دابەشکرابوو.
"12 کۆگەمان هەن و بەشی هەڵگرتنی خۆراک ناکەن"
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم دابەشکردنی خۆراک لە دهۆک، کەمیی کۆگەیە. هەجەر تاهیر عەلی دەڵێت: "ئێمە 12 کۆگەی هەڵگرتنی خۆراکمان هەن، بەڵام ئەو خۆراکەی بۆمان دێت زیاترە لە توانای کۆگاکانمان."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، مانگانە نزیکەی 20 بۆ 25 هەزار تۆن خۆراک دەگاتە دهۆک و کۆگەکانیان توانای هەڵگرتنی ئەو بڕەیان نییە. گوتیشی: "چەندین جار داوامان لە بەغدا کردووە کۆگەمان بۆ دروست بکات، بەڵام هیچ وەڵامێک نەبووە."
"خۆراکێک خراپ بوو، وەریمەگرن"
لەبارەی بڕ و جۆری خۆراکەوە، بەڕێوەبەری بازرگانیی دهۆک رایگەیاند، هیچ کورتهێنانێک لە ماددە خۆراکییەکاندا نییە. لە بەشەخۆراکی حەوتەمدا، ئەم شەش ماددەیە دابەش دەکرێن:
برنج: 3 کیلۆگرام
شەکر: 1 کیلۆگرام
رۆنی شل: 1 لیتر
لەتکەنۆک: نیو کیلۆگرام
نیسک: نیو کیلۆگرام
دۆشاوی تەماتە: 400 گرام
هەجەر تاهیر عەلی سەبارەت بە کوالێتیی خۆراکەکە گوتی: "مانگانە ئەو خۆراکەی دابەشی دەکەین بەسەر بریکارەکاندا، پشکنینی نموونەیی بۆ دەکەین." هاوکات داوای لە بریکار و هاونیشتمانییان کرد، "هەر خۆراکێک کێشەی هەبوو یان خراپ بووبوو، وەری نەگرن و بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ئاگادار بکەنەوە."
"زیاتر لە 1.2 ملیۆن کەس خۆراک وەردەگرن"
لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 1185 بریکاری خۆراک لە رێگەی 14 مەڵبەندەوە خۆراک دابەش دەکەن.
بەپێی داتاکان، ئەم مانگە نزیکەی یەک ملیۆن و 230 هەزار کەس، کە دەکاتە نزیکەی 300 هەزار خێزان (خانەخوێ و ئاوارە)، لە پارێزگای دهۆک بەشەخۆراک وەردەگرن. ئەو کەسانەی پسووڵەی خۆراکیان نەکردووەتە ئەلیکترۆنی، ناویان لە لیستەکەدا سڕاوەتەوە.