دوای دوو ساڵ و نیو فڕۆکەی تورکش ئێرلاین لە سلێمانی نیشتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی (Turkish Airlines) بە 120 گەشتیارەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی نیشتەوە. ئەمە سەرەتای ئاساییبوونەوەی هاتووچۆی ئاسمانیی نێوان تورکیا و سلێمانییە دوای گەمارۆکەی ئەنقەرە بۆ سەر فڕۆکەخانە.
 
گەیشتنی فڕۆکەکە بە خۆشی و شادیی گەشتیارانەوە پێشوازی لێکرا. هیدایەت ساڵح، یەکێک لە گەشتیارەکان بە رووداوی گوت، "دڵخۆش و ئاسوودەم کردنەوەی فڕۆکەخانەکە زۆر کارئاسانییە." هەروەها هونەرمەند پەیوەند جاف، کە ئەویش یەکێک بوو لە گەشتیارانی ئەم گەشتە، گوتی: "دوای چاوەڕوانییەکی زۆر دڵخۆشم، چونکە رێگەی دوورم بۆ نزیک بوویەوە."
 
هەر هەمان فڕۆکە، 105 سەرنشینی لە سلێمانییەوە بەرەو تورکیا برد. بڕیاریشە بۆ ئەم مانگە هەفتانە چوار گەشتی ئاسمانی لەنێوان تورکیا و سلێمانی بکرێت و مانگی داهاتووش بە زیادبوونی هێڵێکی دیکە، ژمارەی گەشتەکان زیاتر ببن. 
 
ئەیاد محەممەد، گەشتیارێکی دیکە ئاماژەی بەوە دا، "ئەم شارە بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکەوە وەکو ئەوە وابوو کە بلۆکی لەسەر دانرابێت، لە داهاتوو سوودی بۆ هەموو لایەک دەبێت." 
 
ژێوەر جەلال، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتیاریش رایگەیاند: "لە مانگی داهاتوودا هێڵی ئەی جێت (Anadolujet)ی تورکی دەست بە گەشتەکانی دەکاتەوە."
 
ئامارەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەریانخستووە، بەهۆی گەمارۆکەی تورکیاوە، نزیکەی 35%ـی جموجوڵ و چالاکیی گەشتیاری و بازرگانیی فڕۆکەخانەکە لە دوو ساڵ و نیوی رابردوودا کەمی کردبوو. 
 
هەرمان محەممەد، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی گواستنەوە بە رووداوی راگەیاند، "هەوڵەکانی کاک نێچیرڤان بارزانی گەورە و گرنگ بوو بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان." 
 
دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیش جەختی لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی داخستنەکە کردەوە و گوتی: "داخستنی فڕۆکەخانەکە لە شۆفێری تاکسی تاوەکو بازرگانێک زیانی پێگەیشتبوو."
 
گەشتیار قادر، یەکێک لە گەشتیاران سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەوڵەکانی زۆر گەورە و گرنگ بوون و وەک خەڵکی سلێمانی دەستخۆشی لێدەکەم."
 
رۆژی 9ـی مانگی رابردوو، لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لابرد. بەدوایدا لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەش، ئەو هەوڵانە بە گەورەیی دەستخۆشییان لێکرا و بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دادەنرێت.