حەج و عومرە: نزیکەی هەزار کەس لە تیروپشکی حەج دوورخراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێت، نێوەڕاستی ئەم مانگە تیروپشک بۆ ئەو کەسانە دەکرێ کە خۆیان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو تۆمارکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی هەزار کەس کە پێشتر حەجیان کردووە، دوورخراونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 03-11-2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە هەولێر راگەیاند: ''ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار ناونووسین بۆ حەج کرایە ئەلیکترۆنی کە لە رێگەی سیستمێکی زۆر پێشکەوتووەوە کراوە.''
بە گوتەی کاروان ستوونی، ئامانج لە بەئەلیکترۆنیکردنی ناونووسین بۆ حەج، کارئاسانی بووە بۆ داواکاران و کەمکردنەوەی رۆتین، ''بۆ نموونە، هەر کەسێک لە پێنجوێن و حاجی ئۆمەرانەوە دەتوانێت بەبێ سەردانیکردنی ناوەندی شارەکان، ناونووسی بکات.''
وەک گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە گوتی، سیستمەکە زیرەکە و داواکاران تەنیا دەتوانن یەک جار ناوی خۆیان تۆمار بکەن، ''بۆیە 612 فۆرم کە نزیکەی هەزار کەس دەبن رەتکراونەتەوە و هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە پێشتر حەجیان ئەنجام داوە.''
کاروان ستوونی رایگەیاند، سیستمە ئەلیکترۆنییەکە زۆر ''دادپەروەرانە'' کاردەکات و تەنیا دەرفەت بەو کەسانە دەدات تاوەکو ئێستا حەجیان نەکردووە، ''تەنانەت مامۆستا ئایینییەکانیش کە وەک رێنیشاندەری ئایینیی حاجیان گەشت دەکەن، ئەگەر پێشتر لەسەر خەرجیی خۆشیان حەجیان کردبێت، لەپێناو بەەرژەوەندیی گشتی، جارێکی دیکە رێگەیان پێنادرێتەوە.''
نزیکەی 90 هەزار داواکاریی بۆ چوونە حەجی ساڵی 2026 تۆمارکراون. گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، پشکی هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 135 کەسە کە ناویان لە تیروپشک دەردەچێت.
کاروان ستوونی ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەکاری دەکرێ بۆ ئەوەی نێوەڕاستی ئەم مانگە تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە بکرێ کە فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە.
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتیشی: ''پێنج هەزار و 135 کەس وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە حەجکردن، لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە و حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ سعودیە لەسەر هێڵە، بۆ ئەوەی پشکی عێراق زیاد بکات، بێگومان ئەو کاتە پشکی هەرێمی کوردستانیش زیاتر دەبێ.''
ناونووسین بۆ چوونە حەج 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و کاژێر 12:00ـی شەوی 26ـی ئەیلوول کۆتایی هات.
پار لە 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، لە کۆی 120 هەزار کەس کە فۆرمیان پڕکردبووەوە، 5 هەزار و 125 کەس لە تیروپشکەکە ناویان دەرچوو.