گەنجێکی کورد لە کۆنگرەی ئاشتیی جیهانی لە قاهیرە داوای دەوڵەتی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
عادل مەلا ساڵح وەک باڵیۆزی ناوەندی ئاشتیی جیهانی و تەنیا نوێنەری کورد لە کۆنگرەی ئاشتیی جیهانی لە قاهیرە بەشداری کرد. ئەو هاونیشتمانییە بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە لەنێو نوێنەرانی زیاتر لە 20 وڵات داوای داننان بە دەوڵەتی کوردستانی کرد و پرسی گشتپرسیی سەربەخۆیی بیرهێنانەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3-11-2025، عادل مەلا ساڵح، میوانی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بوو لە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند: "جێگەی شانازییە بۆ من و هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر کە لە کۆڕ و کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیدا بە جلوبەرگی رەسەنی کوردی و ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە، کولتووری خۆمان بە جیهانی عەرەبی و بیانی بناسێنین."
عادل مەلا ساڵح گوتی: "زۆر بە راشکاوانە لەبەردەم نوێنەرانی 20 وڵاتی عەرەبیدا رامگەیاند، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاشتیی راستەقینە بەخۆیەوە نابینێت تاوەکو راگەیاندنی دوو دەوڵەتی کوردی و فەلەستینی لە خەونەوە نەبێتە واقیع."
ئەو گەنجە کوردە بە رووداوی گوت: "پێمگوتن، 9 دەوڵەتی عەرەبی هەن ژمارەی دانیشتووانیان لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کەمترە، بەڵام خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن. بۆ نموونە، وڵاتی 'جزر القمر' دانیشتووانەکەی ناگاتە یەک ملیۆن کەس، هەروەها جیبۆتیش هەر یەک ملیۆن کەسە، قەتەر و بەحرێنیش نزیکەی سێ ملیۆن کەسن. ئەی بۆچی ئێمە بەو هەموو ملیۆن کەسەوە دەوڵەتمان نەبێت؟"
سەبارەت بە کاردانەوەی ئامادەبووان، عادل مەلا ساڵح گوتی: "لە سەرەتادا بە جۆرێکی دیکە سەیریان دەکردم، بەڵام دوای گوتارەکەم، تەنانەت تۆمەتباریان کردم بەوەی کە جوداخوازم. منیش لە وەڵامدا گوتم، شانازی پێوەدەکەم ئەگەر جیاببمەوە لە دەوڵەتێک کە جینۆسایدی کردووم و رێز لە بەها و هێما نیشتمانییەکانم ناگرێ."
عادل مەلا ساڵح جەختی لەسەر جیاوازیی ناسنامەی کورد کردەوە و گوتی: "ئێمە عێراقی نین، چونکە زمان، مێژوو، کولتوور و تەنانەت خاکەکەشمان جیاوازە، بۆیە مافی خۆمانە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان بین بەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەمای مافی چارەی خۆنووسین."
لەبارەی پرسی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان، ئەو باڵیۆزەی ئاشتی بۆ رووداوی روونیکردەوە: "پێمگوتن، هۆکارە دەرەکی و هەرێمییەکان ئەنجامی گشتپرسییان راگرت، ئەگینا زیاتر لە 92%ی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە 'بەڵێ' دا بۆ سەربەخۆیی."
کۆنگرەی ناوەندی ئاشتی جیهانی ساڵانە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێ و تێیدا تاوتوێی گرنگترین ئەو بابەتانە دەکرێ کە پەیوەستن بە ئاشتی و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە.