بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین: ئەم ساڵ نزیکەی 20 بیری ئاو لە سنوورەکەمان وشکیان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەڵێ، دۆخی ئاوی خواردنەوە لە سنوورەکە بەگشتی خراپە و ئەم ساڵ نزیکەی 20 بیری ئاو وشکیان کردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 3ی 11ی 2025، سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گوێرەی ویستی خۆی ئاوی زێی بچووک بەردەداتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر بڕی ئاو لەو سنوورەی هەرێمی کوردستان هەیە. 
 
لەبارەی رەوشی ئاوەوە، سەلام عومەر گوتی: "ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، دۆخی ئاو تاڕادەیەک لە قەڵادزێ باش بوو، بەهۆی ئەوەی پرۆژەیەکی ستراتیجیی ئاوی خواردنەوەمان لە خاس هەیە. ئێران خۆی کارەبای کەم بوو، کێشەی بڕانی کارەبای هەبوو و لە رێگەی بەنداوەوە کارەبا بەرهەمدەهێنێت و بۆیە ئاوەکەی بەردەداوە."
 
پرۆژەی ئاوی خاس لەسەر رووباری زێی بچووک دروستکراوە و لە رێگەی چوار حەوزی ئاوەوە توانای گلدانەوەی نزیکەی 40 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە کە ئاوی خواردنەوە بۆ قەڵادزێ دابین دەکات.
 
لەبارەی کێشەی ئاوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینەوە، سەلام عومەر دەڵێت: "ئەم ساڵ کێشەی ئاومان یەکجار زۆر بوو. ئاستی ئاوی بیرەکان زۆر دابەزیوە و هەفتەی رابردوو 5 بیرمان وشکیان کرد."
 
سەبارەت بە ژمارەی ئەو بیرانەی ئەم ساڵ وشکیان کردووە، ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێ: "وەرزی پاییز، وەرزی بارانبارینە و پێویستە ئاو زیاد بکات، بەڵام باران نەباریوە و ئەم ساڵ زیاتر لە 20 بیری ئاو وشکیان کردووە. ژمارەکەیش لە زیادبووندایە و ئەمڕۆ پێیانڕاگەیاندنین کە لە رانیە بیرێکی دیکە وشکی کردووە."
 
لەبارەی دابینکردنی ئاوی پێویستەوە، سەلام عومەر گوتی، هەوڵیانداوە و "لە مانگی چوارەوە داوای بودجەی فریاکەوتنمان کردووە؛ هاوکات داوای کۆمەڵێک بیری جێگرەوەمان کردووە و رەزامەندی دراوە، بەڵام رەنگە لە ساڵی داهاتوو جێبەجێ بکرێت."
 
سەلام عومەر دەشڵێت: "ئەم ساڵ سەرچاوەکانی ئاو لە سنووری ئیدارەکە کە پشت بە باران دەبەستن، نەژیانەوە. ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بیرەکانیش زۆر دابەزیون کە ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی وەکو پێویست ئاوی خواردنەوە بۆ هاونیشتمانیان دابین نەکرێ."
 
پێشتر لە رانیە، رۆژ نا رۆژێک نزیکەی دوو کاژێر ئاو بۆ هاوبەشان بەردەدرایەوە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری ئاوی راپەرین دەڵێت: ''ئێستا رۆژ نا رۆژێک نزیکەی 40 خولەک ئاو بۆ دانیشتووان بەردەدرێتەوە کە لە ئاستی پێداویستیی خەڵکدا نییە و ناچارن هەندێ جار ئاو بکڕن."