25 کۆچبەری دیکەی هەرێمی کوردستان لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، 6ـی ئەم مانگە 25 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "23 کۆچبەری نوێ و دوو لەو کۆچبەرانەی لە رابردوودا دەستگیرکراوبوون، پێنجشەممە دیپۆرتی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە".
 
سەحاف ئاشکرای کرد، چەند کۆچبەرێکی دیکەیان دۆزیوەتەوە کە هێشتا ژمارەیان نازانن، بەڵام خەڵکی هەرێمی کوردستانن و لە داهاتوودا کار بۆ گەڕانەوەیان دەکەن.
 
27ـی مانگی رابردوو، 38 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیاوە کە زیاتر لە دوو مانگ بوو لەو وڵاتە گیریان خواردبوو گەڕێندرانەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
 
پێش ئەو گرووپە، لە 10-09-2025 کاروانێکی دیکەی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا کە 25 کەس بوون گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
 
16ـی مانگی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی بە کەسوکاری کۆچبەران دا لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێکارە پێویستەکان تەواو دەبن و ئەو گەنجانە دەگەیێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
 
16ـی مانگی 10 کۆچبەرێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەناوی هۆگر ئاسۆ خدر، لە لیبیا بە جەڵتە گیانی لەدەستدا و دوای چەند رۆژێک تەرمەکەی گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەم ساڵ چەند جارێک گرووپی دیکەی گەنجانی کورد لە لیبیا دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێ لەو وڵاتەوە خۆیان بگەیێینە وڵاتانی ئەورووپا.