دادگەی فیدراڵی سکاڵایەکی لەبارەی پۆستی قایمقامی شنگال رەتکردەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای لە دژی پارێزگارى ئەو شارە رەتکردەوە، لەبارەی جێبەجێنەکردنى بڕیارى دەستنیشانکردنى قایمقامی نوێى شنگال.
 
دانیشتنی دادگە لەبارەی ئەو سکاڵایەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025 کرا، کە ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە دژی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری شارەکە پێشکەشی کردبوو.
 
لەو سکاڵایەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا داوای دەکرد پارێزگار ناچار بکرێت بە دانانی سیدۆ خەیری ئەحمەد، لە پۆستی قایمقامی شنگال، بەوپێیەی بەگوێرەی بڕیارێکی پێشووتری دادگەی باڵای فیدراڵی لە 4ی ئاداری 2025  سکاڵایەکی پارێزگاری دژ بەو گۆڕانکارییە کارگێڕییە رەتکردووەتەوە.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە بە پاساوی ئەوەی لە  پسپۆرى دادگەکە نییە.
 
یەکى تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو و فراکسیۆنی پارتی، بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژی گۆڕانکارییەکان وەستانەوە، کە یەکێک لە پۆستانە قایمقامى شنگال بوو.
 
محەمەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی راگەیاند: "لەدوای رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایە لایەنێکی دیکە نەماوە، سەرۆکی ئەنجوومەن لەبارەی ئەو پرسە پەنای بۆ ببات، لەبەر ئەوەی پێشتریش پەنا بۆ دادگەی کارگێڕی براوە."
 
پارێزگار تاوەکو ئێستا بڕیاری کارگێڕی بۆ دەستبەکاربوونی ئەو بەربژێرانە دەرنەکردووە، کە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی پێداون بۆ ئەوەی ببنە قایمقامی شنگال و  مەخموور.
 
محەمەد کاکەیی رایگەیاند: "پاساوی پارێزگار ئەوەیە دەبێت پرسی قایمقامی شنگال سازانی لەسەر بکرێت لە نێوان لایەنەکاندا."
 
26ـی کانوونی یەکەمی 2024، دادگەی کارگێڕی سکاڵای 7 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی لە نەینەوای رەتکردەوە، لە دژی لادانیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگا، تۆماریان کردبوو. 4ی ئاداری 2025 دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی پارێزگاری نەینەوای لە دژی ئەو گۆڕانکارییانە رەتکردەوە.