دەنگی رەوتی هەڵوێست لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ ' لایەنە کوردییەکانە جگە لە پارتی و یەکێتی'
رووداو دیجیتاڵ
رەوتی هەڵوێست لیستی لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان نییە و داوا دەکات دەنگدەرانی دەنگ بە لیستە کوردستانییەکان بدەن.
رۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2025، ئیدریس محەممەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەم هەڵبژاردنەدا فریانەکەوتوون لیستیان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان هەبێت، بۆیە دەنگدەرانی خۆیان لەو ناوچانە سەربەست کردووە."
ئیدریس محەممەد باسی لەوەشکرد، داواکاری ئەوان لە دەنگدەرانیان بەشداریکردنی فراوانە لە هەڵبژاردن لەو ناوچەنەدا و دەنگدانە بە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان جگە لە پارتی و یەکێتیی، هەریەک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەرەی گەل و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لیستیان هەیە.
بە گوتەی بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی ئەوان لارییان نییە دەنگدەرانیان دەنگ بە کام لەو سێ لایەنەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بدەن.
عەلی حەمەساڵح سەرۆکایەتیی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی دەکات، تەنیا لە سێ بازنەکەی هەرێمی کوردستان بەربژێری هەیە و بەشداری هەڵبژاردن دەکات.