سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕخانە فەرمییەکانی کرماشان زیادی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕخانەکان لە کرماشان زیادی کردووە. ئەمەش نیگەرانیی بەشێک خەڵک و بەرپرسانی لێکەوتووەتەوە. 
 
داود ناسح، گۆشتفرۆش، کرماشان دەڵێت: "ئەو ئاژەڵەی لە شەقام سەردەبڕدرێ، ئەوە بە تەواوی رێگەپێنەدراو و نایاساییە، چونکە کەس ئاگادار نییە لە نێو ئەو گۆشتەدا چی هەیە، لەوانەیە بەکتریای تێیدا هەبێ، نەخۆشی هەبێ. تەنانەت لەوانەیە ئەو ئاژەڵە نەخۆش بووبێ."
 
بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستی پارێزگاکە، سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو بەرامبەر بووە و تەنانەت پێشتر تەنیا ئاژەڵی بچووک لە دەرەوەی کوشتارگەکان سەردەبڕا، بەڵام ئێستا مانگاش سەردەبڕدرێ.
 
هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە کە نرخەکەی بەراورد بە گوشتی سوور لە مارکێت و قەسابخانەکان کەمترە. بەڵام ئەوەش مەترسی هەیە. 
 
ئاراس مەولایی، ئاژەڵدارە لە کرماشان و دەڵێت: "ئەوەی دەهێنین هیی سنوورییە، هەر رۆژە چەند سەر دەهێنین بۆ ئیرە و کاورەکان نانێرین بۆ کوشتارگە. هەر لێرە ئەگەر کەسێک پێویستی پێ بوو دیاندەینێ و ئەگەر کەسێک پێویستی بوو بۆی سەردەبڕین. گوێرەکەش سەردەبڕین. بۆ کوشتارگە ئاژەڵی بچووک دەستێنین و خۆمان دەبەین بۆ کوشتارگە. تەلەفۆن بۆ قەساب دەکەین و لێرەوە بۆی دەچین و نزیکەی 30-40 دانە دەبەین بۆیان."
 
سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان لە کرماشان لەکاتێکدایە، نەخۆشیی تەبەق لەنێو ئاژەڵان لە چەند شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوبووەتەوە و چەندین مەیدانی ئاژەڵ بەهۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە داخراون. 
 
حوسێن شەریفی، گۆشتفرۆشە لە کرماشان و دەڵێت: "ئەم گۆشتە پێویستە شەوێک لە نێو ساردخانە بێت، بە پێچەوانەوە بە رێگەپێنەدراو دادەنرێ. دەبێ ئەم مارکە و نووسینەی پێوە بێ.گەر لێی بکرێتەوە، بە رێگەپێنەدراو دادەنرێ و تەنانەت تیمەکانی تەندروستیش دوو رۆژ جارێک چاودێری دەکەن."
 
بەپێی دوایین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، بەرزترین رێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخ لەو وڵاتە لە بەشی خواردەمەنییەکان و بەتایبەت گۆشتی سوور و مریشکدایە.
 
لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێرانیش دەڵێت، ئەگەر دۆخەکە کونترۆڵ نەکرێ، لەوانەیە نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سوور لە دوو مانگی داهاتوودا بگاتە دوو ملیۆن تمەن.