پۆلیسی هەولێر بۆ رووداو: دوو کەس بەتۆمەتی نانەوەی پشێوی لە بانگەشەدا دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوو کەسیان بە تۆمەتی نانەوەی پشێوی لەژێر ناوی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەستگیرکردووە.
 
بانگەشەی هەڵبژاردن نزیکەی مانگێکە دەستیپێکردووە و هەموو حیزب و لایەنەکان بۆ ناساندنی حیزب و بەربژێرەکانیان بانگەشە دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا تەقەکردن، رەنگکردنی ئۆتۆمبێل، دروستکردنی پشێوی، بانگەشە لە مزگەوت و کەنیسە قەدەخەن، ئەو رێکارانە کۆمیسیۆن دایناوە و بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت.
 
موقەدەم کفاح حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو کەس لە شەقامێکی گشتیی هەولێر بە هەڕەمەکی تەقەیان کردبوو، گوایە وەکو بانگەشەی هەڵبژاردن ئەو کارەیان کردووە، بانگەشە بەمجۆرە قەدەخەیە و هەردووکیان دەستگیرکراون.'' پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "ئەو دوو کەسە پشێویان ناوەتەوە و هەوڵی تێکدانی سەقامگیریان داوە بۆیە دەستگیرکراون.'' 
 
موقەدەم کفاح حەسەن هەروەها دەڵێت: "لە ماوەی بانگەشەدا دەمەقاڵێ و ئاژاوەگێڕیی بچووک هەبوون، بەڵام یەکەمجارە لەماوەی مانگێکی بانگەشەدا تەقە بکرێت و تەقەکارانیش دەستگیرکراون و سزادەدرێن."
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای ئاگادارکردنەوەمان لە لایەن چەند هاووڵاتییەکی شاری هەولێرەوە بە بیستنی دەنگی تەقە لە نزیک شەقامی خێرای 120 مەتری، دەستبەجێ دەستمان بە بەدواداچوون کرد."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (MG)ـی رەنگ سپی هەڵگری تابلۆی هەولێر کە دوو سەرنشینی تێدابووە، بە شێوەی هەڕەمەکی تەقەیان کردووە وەکو بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکران."
 
ئەو دوو تۆمەتبارە بە ناوەکانی (م. ح. س) و (س. ت. ت)ـن و دانیشتووی هەولێرن.
 
 
پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە: "بە پێچەوانەی رێنوێنییەکان و بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو دوو کەسە بوونەتە هۆکاری دروستکردنی پشێوی و بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتییانی شاری هەولێر بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر راگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە."
 
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد و بڕیارە رۆژی 08-11-2025 کۆتایی بێت. لیست و هاوپەیمانییەتی و بەربژێرە سەربەخۆکان پاش پێنج هەفتە بانگەشە، دەچنە نێو رکابەریی کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک لە دەنگدانی گشتی و تایبەتدا.