شارەوانیی سێی هەولێر: مۆڵەت بە زیاتر لە 2000 کەس دراوە بۆ دروستکردنی خانوو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شارەوانیی سێی هەولێر رایدەگەیێنێت، لە سنووری شارەوانییەکەیان و لە بەشێک لە گەڕەکە نوێیەکان، زیاتر لە 2000 هاونیشتمانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان وەرگرتووە. دەشڵێت، ئەم ساڵ سەرەڕای قەیرانی دارایی، شەش پڕۆژەی خزمەتگوزارییان جێبەجێ کردووە.
"شەش پڕۆژە بە زیاتر لە 2.7 ملیار دینار"
ئەندازیار محەممەد یوسف، بەڕێوەبەری شارەوانیی سێی هەولێر، میوانی بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند: "ئەم ساڵ سەرەڕای قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینە، توانیمانە شەش پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانیی سێ بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار جێبەجێ بکەین."
بە گوتەی محەممەد یوسف، پڕۆژەکان بریتی بوون لە دروستکردنی شەقامی ناوخۆیی لە کەرتەکانی 10 هەزاری و سێ هەزاری لە گەڕەکی سەربەخۆیی، هەروەها شەقامێکی 20 مەتری و 15 مەتری بۆ کەرتی دوو هەزاریی هەمان گەڕەک، کە تێیاندا "زیاتر لە دوو هەزار هاونیشتمانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان وەرگرتووە."
پڕۆژەیەکی دیکە، بە گوتەی بەڕێوەبەری شارەوانیی سێ، قیرکردنی شەقامێکی 30 مەتریی سەرەکییە بە گوژمەی 280 ملیۆن دینار، کە جووتسایدی گەڕەکی هەولێری نوێ (پشت شووقەکانی لالاڤ) بە گەڕەکی سەربەخۆیی دەبەستێتەوە و گرێیەکی هاتووچۆی سنوورەکە دەکاتەوە.
"نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان بە 3 هەزار تۆن قیر"
سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان، محەممەد یوسف گوتی: "ئەم ساڵ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارگەی قیری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، نزیکەی سێ هەزار تۆن قیرمان بۆ چاککردنەوەی شەقامەکانی سنوورەکەمان بەکارهێناوە، کە رووبەرەکەی دەگاتە نزیکەی 10 هەزار مەتری چوارگۆشە." ئاماژەی بەوەش کرد، دوو شەقامیان لە گەڕەکی هەولێری نوێ تەواو کردووە کە زیاتر لە 1500 تۆن قیریان تێدا بەکارهاتووە، هەروەها شەقامی تەنیشت فامیلی مۆڵیش بە گوژمەی 180 ملیۆن دینار تەواو کراوە.
"مەرجی حکومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری"
بەڕێوەبەری شارەوانیی سێی هەولێر باسی لە کردنەوەی رێگەپێدان کرد لە گەڕەکی سەربەخۆیی و رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رێگەپێدانیان بۆ نزیکەی 2000 پارچە زەوی لە کەرتەکانی دوو و سێ هەزاری کردووەتەوە و لە هەوڵدان بۆ کردنەوەی کەرتەکانی دیکەش.
محەممەد یوسف مەرجی حکومەتی بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان روونکردەوە و گوتی، دوای ئەوەی رێژەی 25% بۆ 30%ـی خانووەکان لە گەڕەکێکی نوێدا دروستکران، ئەو کاتە حکومەت خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا و قیرتاوکردنی شەقامەکان دابین دەکات.
"گرفتی نەختینە رێگر بووە"
محەممەد یوسف ئاماژەی بەوە کرد، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینە کاریگەریی لەسەر پڕۆژەکان هەبووە و رایگەیاند: "ئەو پڕۆژانەی ئەم ساڵ رەزامەندییان لەسەر درا، گوژمەکەیان 11 ملیار دینار بوو، بەڵام بەهۆی گرفتی نەختینەوە تەنیا توانراوە بەشێکی کەمی جێبەجێ بکرێت کە نزیکەی یەک لەسەر چواری بوودجەکە بووە."