ئەردۆغان: لە بڕیاری دروستکردنی ناوچەی ئارام پاشەکشە ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لە بڕیاری دروستکردنی ناوچەی ئارام بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە پاشەکشە ناکەن.
رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا لە شاری رووهای باکووری کودستان لە بەردەم هەزاران کەس رایگەیاند، لە بڕیاری دروستکردنی ناوچەی ئارام بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر "لە باشووری وڵاتەکەمان پاشەکشە ناکەین".
سەرۆککۆماری تورکیا چەند جارێک هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆسەر تل رەفعەت، منبج و کۆبانێ کردووە کە هەموویان لەژێر کۆنترۆڵی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەردان. تورکیا دەیەوێت بە درێژایی سنوورەکەی لەگەڵ سووریا، بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر بچێتە پێشەوە.
پێشتریش، ئەردۆغان هەڕەشەی لەوجۆرەی کردووە. رۆژی 23-11-2022 رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنەکانمان لە رێگەی فڕۆکە، تۆپهاوێژ و درۆنەوە، تەنیا سەرەتان. لە هاتای تاوەکو هەکاری، خواستی ئێمە بۆ پاراستنی هەموو سنووری باشوورمان لە رێگەی دروستکردنی زۆنێکی ئارام بۆ دوورخستنەوەی ئەگەری هێرشکردنە سەر خاکەکەمان، ئێستا لە هەرکاتێک بەهێزترە".
رۆژی 20-11-2022 سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی بۆردوومان و تۆپباران کرد و ئەوەش وایکرد، هەسەدە گەڕانە هاوبەشەکانی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رابگرێت و سەرنجی خۆی بخاتە سەر ناوچە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا، وەک گرێ سپی.
لە ساڵی 2016ـەوە بە هاوکاریی هێزە نزیکەکانی، تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر ئەنجامداوە؛ لە ئابی 2016دا تورکیا دەستی بەسەر جەرابلوس و ئەعزازدا گرت. لە سەرەتای ساڵی 2018 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوون لە لایەن ئەنقەرەوە دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کورستاندا گرت و لە تشرینی یەکەمی 2019ش ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر سنووری سەرێکانی و گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەوانیشیان داگیرکرد.