هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی شوشمێ راگیرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ناڕەزایی بەشێکی شۆفێرانی بارهەڵگرەکان، هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی شوشمێ لە پارێزگای هەڵەبجە راگیرا، بەڵام هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە ئاساییە.
 
ئاراس محەممەد وەکو نوێنەری شۆفێرانی ناڕازی ئەمڕۆ یەکشەممە 03-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان 55 شۆفێری بارهەڵگری جۆری تاکن و تەنیا نرخی هێڵەکەیان 75 هەزار دۆلار (7 دەفتەر و نیو)ە، بەڵام هێڵێکی دیکەی بارهەڵگری لەوان گەورەتر هەیە کە نرخی هێڵەکانیان 45 هەزار دۆلار (4 دەفتەر و نیو)ە و 25 شۆفێر لەو هێڵەی نرخی هێڵەکانیان هەرزانترە خراونەتە سەر هێڵەکەی ئەوان.
 
ئاراس محەممەد گوتی، ئەوان کاری خۆیان کردووە و پێویستیان بەوە نەبووە 25 بارهەڵگری دیکە بخرێنە نێو هێڵەکەیانەوە. گوتیشی، "لە پارێزگای هەڵەبجەوە بڕیاردراوە سبەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان."
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دەروازەکە بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخراوە، بەڵام لەڕووی گەشتیارییەوە هاتووچۆکردن ئاساییە.
 
رۆژی 27-06-2023 دەروازەی شوشمێ لە سنووری هەورامان بە فەرمی بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە، بەڵام پێش ئەو رێککەوتەش هاتووچۆی بازرگانیی تێدا دەکرا. دەروازەکە تاوەکو ئەمڕۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراوە.
 
چەند دەروازەیەکی سنووری لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراون و نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن. هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شوشمێ هەن و تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون.
 
جگە لە باشماخ و پەروێزخان، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەن؛ لە پارێزگای هەولێر دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و لە دهۆکیش دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل.
 
هەر لە پارێزگای دهۆک دوو دەروازەی دیکە هەن کە حکومەتی عێراقی بە فەرمی نەیناساندوون، دەروازەکانی سەرزێڕێ و سێمالکا؛ ئەوەی یەکەم لەنێوان باشوور و باکووری کوردستان و تورکیا و، ئەوەی دووەمیش تەنیا دەروازەی بەستنەوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستانە.