نێچیرڤان بارزانی و مایکڵ ریگاس: دەبێ ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە و جەختیان لەوە کردەوە، دەبێت ئەنجامدەرانی دوایین هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و چەکیش تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 03-12-2025 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیى له‌ مايكڵ ريگا‌س، جێگرى وه‌زيرى ده‌رەوه‌ى ئەمریکا كرد، كه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى باڵەخانەی نوێی كۆنسووڵخانه‌ى گشتيى ئەمریکا له هه‌ولێر، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، وێڕاى بەخێرهاتن، سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان سوپاسى سه‌ردانى جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکای كرد و دووپاتى كرده‌وه‌، "سه‌ردانه‌كه‌ نيشانه‌ى پابه‌نديى ئەمریکایە به‌ به‌رده‌واميى په‌يوه‌نديى درێژخايه‌ن و ستراتيژى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دا." هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی سوپاسى ئەمریکای كرد بۆ پشتيوانى و هاوكارييه‌كانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هه‌ردوولا باسيان له‌ دۆخى گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان كردووە، تيشكيان خستووەتە سه‌ر به‌ئامانجگرتنى ژێرخانى ئابووريى هه‌رێمى كوردستان و لەوبارەیەوە "دوايين هێرشه‌كه‌ى سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆريان سه‌ركۆنه‌ كرد و جه‌ختيان كرده‌وه‌، ده‌بێت ئه‌نجامده‌ران رووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ك ته‌نيا له‌ ده‌ستى ده‌وڵه‌تدا بێت."

په‌يوه‌ندييه‌كانى ئەمریکا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، مه‌ترسييه‌كانى داعش، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، تەوەری ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

هاوکات هه‌ڵسوڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئەمریکا له‌ عێراق و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان، ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.