جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: هەرێمی کوردستان دەنگێکی متمانەپێکراوە و هاوبەشیمان درێژخایەنە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، پەیامێکی واشنتنی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، کردنەوەی ئەم باڵەخانە زەبەلاحە "هێمایەکی بەرجەستەی هاوبەشیی درێژخایەنی ئەمریکایە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق."
رۆژی چوارشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2025 بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و دیپلۆماتەکان، باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە فەرمی کرایەوە.
مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتی کردنەوەی باڵەخانەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر پێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بۆ سیاسەتی ئەمریکا کردەوە و گوتی: "هەرێمێکی کوردستانی عێراقیی بەهێز، سەقامگیر و خۆڕاگر، پایەیەکی بنەڕەتیی ئەو پەیوەندییەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ عێراقدا هەیەتی."
ئەو بە پێزانینەوە باسی لە رۆڵی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ئێمە شانازی بە هاوبەشیی قووڵ و درێژخایەنمان دەکەین لەگەڵ خەڵکی ئەم ناوچەیەدا و سوپاسگوزارین بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک هاوبەشێکی کاریگەر و بەتوانای ئەمنی و دەنگێکی متمانەپێکراو لە عێراق و سەرتاسەری ناوچەکەدا."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە هێرشەکەی هەفتەی رابردووی سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر کرد و بە تووندی سەرکۆنەی کرد. ریگاس داوای لە هاوبەشە عێراقی و کوردییەکانی کرد کە یەکگرتوو بن لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانە و گوتی: "هانی هاوبەشە عێراقی و کوردییەکانمان دەدەین سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، ئەو میلیشیا پاڵپشتیکراوانەی ئێران بێهێز بکەن و هەڵیانبوەشێننەوە کە بەردەوامن لە تووندوتیژی و چالاکیی تێکدەرانە و تەنیا زیان بە سەروەریی عێراق دەگەیێنن. هەفتەی رابردوو جارێکی دیکە شایەتحاڵی ئەم هەڕەشەیە بووین بەو هێرشە تیرۆریستییە قێزەونەی سەر کۆرمۆر."
ئەم پەیامە هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی نێوان ریگاس و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە "دەبێت ئەنجامدەرانی هێرشەکە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت."
کۆنسووڵخانە نوێیەکە، گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەمریکایە لە جیهاندا، پڕۆژەیەکی زەبەلاحە کە تێچووەکەی گەیشتووەتە 796.1 ملیۆن دۆلار و لەسەر رووبەری 202 هەزار مەتر و 350 مەتر دووجا دروستکراوە.
دەقی گوتاری ریگاس:
مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
"زۆر سوپاس بۆ ئەم ناساندنە، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ جەنابی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. بەرپرسانی حکومیی رێزدار، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، سەرکردە ئایینییەکان و میوانە بەڕێزەکان. زۆر سوپاس بۆ بەخێرهاتنە گەرمەکەتان، زۆر خۆشحاڵم کە لەم ساتە گرنگەدا لە عێراقم، شەرەفمەندم کە ئەمڕۆ لەگەڵتانم بۆ بە فەرمیی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر.
سوپاسگوزاریی زۆرم بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ ئەو دیارییە بەخشندەیەی کە پارچە زەوییەکە بوو بۆ بنیاتنانی کۆنسووڵخانە نوێیەکەمان. ئەم باڵەخانە سەرنجڕاکێشە، باشترینی تەلارسازی، ئەندازیاری و بنیاتنانی ئەمریکی نیشان دەدات و شایەتحاڵی رۆحی ئەمریکییە لە داهێنان و دیزاینکردندا. ئەو کۆنسووڵخانە نوێیەی ئەمڕۆ ئاهەنگی بۆ دەگێڕین، زیاترە لە زنجیرەیەک باڵەخانە و ژێرخان؛ بەڵگەیە لەسەر بەهای ئەو پەیوەندییەی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە.
وەبەرهێنانی ئەمریکا لەم کۆنسووڵخانە نوێیەدا، سەکۆیەکی پارێزراو بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دابین دەکات و بەهای ئەوە نیشان دەدات، کە عێراقێکی سەروەر، بەرقەرار و گەشەسەندوو، لە هاوبەشییەکی سوودبەخشی دوولایەنەدا لەگەڵ ئەمریکادا، دەتوانێت چی پێشکەش بە گەلەکەی خۆی و ئەمریکا بکات.
لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک ترەمپدا، ئەمریکا رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەرەو سەردەمێکی سەقامگیری و گەشەسەندن بردووە. عێراق رۆڵێکی سەرەکی لەم هەوڵەدا دەگێڕێت و ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەندە بە کارکردنی نزیک لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکاندا بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان، پاراستنی سەروەریی عێراق، تێکشکاندنی تیرۆر، پتەوکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان.
ئێمە شانازی بە هاوبەشیی قووڵ و درێژخایەنمان دەکەین لەگەڵ خەڵکی ئەم ناوچەیەدا و سوپاسگوزارین بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک هاوبەشێکی کاریگەر و بەتوانای ئەمنی و دەنگێکی متمانەپێکراو لە عێراق و سەرتاسەری ناوچەکەدا.
هەرێمێکی کوردستانی عێراقی بەهێز، سەقامگیر و خۆڕاگر، پایەیەکی بنەڕەتیی ئەو پەیوەندییەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ عێراقدا هەیەتی.
ئێمە پێزانینمان هەیە بۆ ئەو دیالۆگە چالاک و گرنگەی لەبارەی هەنگاوە چارەنووسسازەکانەوە هەیە بۆ رێگریکردن لە ململانێ، دڵنیابوونەوە لە لێپرسینەوە لەوانەی یاسا پێشێل دەکەن و بەدیهێنانی داهاتوویەک کە تێیدا عێراق نەک تەنیا لەناو سنوورەکانی خۆیدا بەرقەرار بێت، بەڵکو بتوانێت بەشداری لە سەقامگیریی هەموو ناوچەکەدا بکات. هەر بۆیە هانی هاوبەشە عێراقی و کوردییەکانمان دەدەین سوود لەم دەرفەتە وەرگرن، ئەو میلیشیا پاڵپشتیکراوانەی ئێران بێهێز بکەن و هەڵیانبوەشێننەوە کە بەردەوامن لە تووندوتیژی و چالاکیی تێکدەرانە و تەنیا زیان بە سەروەریی عێراق دەگەیەنن. هەفتەی رابردوو جارێکی دیکە شایەتحاڵی ئەم هەڕەشەیە بووین بەو هێرشە تیرۆریستییە قێزەونەی سەر کۆرمۆر.
سەرۆک ترەمپ بازرگانیی خستووەتە پێش ململانێوە. ئێمە چالاکانە پشتیوانیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەین لە عێراق، هەرێمی کوردستانی عێراق وەک دەروازەیەکی زیندوو بۆ بازاڕی عێراق بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەبینین. ئەم کۆمپانیایانە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دێنن، هێزی کاری ناوخۆیی پەرەپێدەدەن و ستانداردی باڵای تەندروستی و سەلامەتی دەچەسپێنن.
ئێمە سوپاسگوزارین کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوامە لە بوون بە داکۆکیکارێکی بەهێز بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا، لەوانە گێڕانی رۆڵێکی سەرەکی لە کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، کە سوود بە کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان دەگەیەنێت و یارمەتیی عێراق دەدات لەسەر رێگەی خۆی بۆ سەربەخۆیی وزە. رێککەوتنی لەم شێوەیە، سوود بە ئەمریکییەکان و عێراقییەکان بە هەمان شێوە دەگەیەنێت و بەڵگەن لەسەر بەهای هاوبەشیی دوولایەنەمان.
ئێمە بەهیوای دەرفەتی زیاترین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان کە سوودی راستەقینە بۆ ئەمریکییەکان و عێراقییەکان دابین دەکات.
ئێمە هەروەها خاوەنی بەرژەوەندیی هاوبەشین لە پاراستنی مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و سووریادا. هیچ دۆستێک نییە گەورەتر بێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی ئایینی، ئێمە بە هێزەوە بەردەوام دەبین لە سەرکردایەتیکردن بۆ پاراستنی ئازادیی ئایینی لە سەرتاسەری جیهاندا.
لە داهاتوودا دەرفەتی گەورەمان لەبەردەمدایە بۆ نیشاندانی قازانجی وەبەرهێنانی ئەمریکا لەم کۆنسووڵخانە نوێیەدا، لەڕێگەی بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستەوە کە ئەمریکا سەلامەتتر، بەهێزتر و گەشەسەندووتر دەکات، لە چوارچێوەی هاوبەشییەکدا کە بەها بۆ ئەجێندای "یەکەمجار ئەمریکا"مان دابین دەکات. ئەو باڵەخانەیەی ئەمڕۆ دەیکەینەوە، شایەتحاڵی پابەندبوونمانە و هێمایەکی فیزیکیی هاوبەشیی درێژخایەنی ئەمریکایە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
سوپاسی هەموو لایەک دەکەم بۆ ئامادەبوونتان و چاوەڕوانی ئەوەین ئەم بۆنە مێژووییە لەگەڵ ئێوەدا بەسەر ببەین. سوپاس.