وەزارەتی خوێندنی باڵا 17 رۆژ پشووی بۆ خوێندکارانی دەرەوەی وڵات راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵی نوێ، خوێندکارانی دەرەوەی وڵات دەتوانن بگەڕێنەوە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت: "ئەو ماوەیە وەکو بەشێک لە ماوەی مانەوەیان بۆیان هەژمار دەکرێت".
رۆژی چوارشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بەهۆی نزیکبوونەوەی پشووەکانی سەری ساڵی نوێ و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو خوێندکار و قوتابییانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن، 17 رۆژیان وەکو پشوو بۆ هەژمار دەکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی بڕیاری داوە "لە 19-12-2025، رێگەی بە قوتابی و خوێندکارانی دەرەوەی وڵات بدرێت بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو 2026-1-5".
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر کەسێک بۆ ماستەر و دکتۆرا لە دەرەوەی وڵات بخوێنێت، دەبێت ماوەیەک بەبێ پچڕان بمێنێتەوە، بەڵام لەو کاتانەی دەکەونە نێو جەژنەکانەوە یان نەورۆز و سەری ساڵ، چەند رۆژێک پشوویان پێدەدرێت."
بە گوتەی عەباس ئەکرەم، ئەو ماوەیەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەسەری دەبەن، وەکو ماوەی مانەوە بۆیان هەژمار دەکرێت.