سبەی وادەی مامەڵەی حاجییان کۆتایی دێت؛ کاتەکەی درێژدەکرێتەوە؟

رووداو دیجیتاڵ

پێنجشەممەی رابردوو، راییکردنی مامەڵەی حاجییان بۆ ماوەی یەک هەفتە درێژکرایەوە. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ درێژکردنەوەی کاتەکەی سەیری بە دەمەوەهاتنی حاجییان دەکەن، هەر بڕیارێک بدرێت لە بەرژەوەندی ئەوان دەبێت.
 
وەزارەتی ئەوقاف 26-11-2025 رایگەیاند: "هەفتەیەک ماوەی راییکردنی مامەڵەی حەج درێژکرایەوە و ئەمەش لەپێناو هاوکاری و خزمەتگەیاندنی زیاتر بەو کەسانەیە لە راییکردنی مامەڵەکانیان دواکەوتوون".
 
رۆژی چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەپێی ئەو ماوەیەی دانرابوو، رۆژی پێنجشەممە (سبەی) کۆتا رۆژی وەرگرتنی مامەڵەی حاجییان دەبێت و هەر کەسێک دوا بکەوێت، ئەوا خۆی بەرپرسیار دەبێت، چونکە لە رێگەی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە پەیوەندییان بە هەموو ئەو کەسانە کردووە ناویان بۆ حەجی 2026 گەڕاوەتەوە، تاوەکو مامەڵەکانیان تەواو بکەن".
 
بەپێی ئەو کاتەی لە سعودیە دیاریکراوە، پێویستە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی 2026، هەموو رێکارەکان بۆ پڕۆسەی حەج تەواو بووبن. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "تیمەکانمان و ستافی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە و نووسینگەکانی حەج و عومرە لە رۆژانی یەکشەممەوە لە کاژێر 08:30ـی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 04:00ـی ئێوارە کاردەکەن، بە مەبەستی خزمەتکردنی حەجخوازان و تەواوکردنی مامەڵەکانیان".
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ دووبارە درێژکردنەوەی کاتەکە، بەڵام سبەی سەیری بەدەمەوە هاتنی حاجییان دەکەین بۆ دانی پارە بۆ حەج و راییکردنی مامەڵەکانیان، هەر بڕیارێک بدرێت بە درێژکردنەوەی کاتەکە یاخود پێچەوانەکەی لە بەرژەوەندی حەجخوازان دەبێت".
 
رۆژی 27ـی تشرینی دووەم، بڕیاربوو دوا وادەبێت بۆ وەرگرتنی مامەڵەی حاجییان، بەڵام بە بڕیاری د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ 4ـی کانوونی یەکەم درێژکرایەوە.
 
ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەرچووە، دەتوانن لە نووسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان، زاخۆ و راپەڕین مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
 
لە 16-11-2025، لە رێوڕەسمێکدا بەشێوەی ئەلیکترۆنی تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە ناویان تۆمار کردبوو بچنە حەج، کە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ چوونە حەج 5 هەزار و 135 کەسە.
 
ناونووسین بۆ حەجی 2026 لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و کاژێر 12:00ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2025 کۆتایی هات؛ 89 هەزار و 893 کەس ناویان تۆمار کردبوو.