لە برادۆست گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە؛ "پاشایەک و 10 پاسەوانی تێدایە"
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی دەڤەری برادۆست، لەکاتی جووتکردندا گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ 2500 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و ئێسک و پرووسکی 11 مرۆڤ و ئەسپێکی تێدایە.
رووداوەکە لە گوندی (خەلیفان)ـی باکووری رۆژهەڵاتی شارەدێی سیدەکان بووە، کاتێک جووتیارێک سەرقاڵی کێڵانی زەوییەکەی بووە، گاسنەکەی بەر گۆڕەکە کەوتووە و دۆزیویەتیەوە. تیمە شوێنەوارییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و پاشماوەکان و پارچە گلێنەکانیان کۆکردووەتەوە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، گۆڕەکە مەتر و نیوێک قووڵە و سەر بە "چاخی ئاسنین"ـە. تێیدا ئێسک و پرووسکی 11 مرۆڤ، ئەسپێک و دوو گۆزە دۆزراونەتەوە، کە پێدەچێت نهێنیی ژیان و مردنی مرۆڤی ئەو سەردەمە و شارستانیەت و بیروباوەڕی ئایینیی هەزارەی یەکەمی بەر لە زایین روون بکاتەوە.
جەلار عوزێر، ئەو هاونیشتمانییەی گۆڕەکەی دۆزیوەتەوە، بە رووداوی گوت: "خەریکی کێڵانی زەوییەکەم بووم، بینیم چاڵێک دەرکەوت. بە لایت سەیرم کرد و بینیم ژوورێکە و دیوارەکەی هەڵچنراوە. بەپێی بیرەوەریی ئێمە و باو و باپیرانمان، هەرگیز ئەم زەوییە نە شوێنی ئاوەدانی بووە و نە گۆڕستانی لێ بووە، ئەمە یەکەمجارە شتی وا بەدی دەکرێت".
سەبارەت بە گرنگیی مێژوویی دۆزینەوەکە، عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران رایگەیاند: "گۆڕەکە شێوازێکی بەلەمیی هەیە و مێژووەکەی بۆ 2500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەم مێژووەش لەڕێگەی ئەو گلێنانەوە دەرکەوت کە لەگەڵ مردووەکان نێژرابوون".
بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران ئاماژەی بەوەش کرد: "پێمان وایە کەسی سەرەکیی نێو گۆڕەکە پاشایەکی ناوچەکە بووبێت و ئەو 10 پیاوەی دیکە کە لەگەڵیدا نێژراون، دەستوپێوەند و پاسەوانەکانی بوون و بۆ ئەوەی لە جیهانی مردووان هاوڕێیەتیی پاشاکەیان بکەن، لەگەڵیدا نێژراون".
ئێسک و پرووسک و پارچە شوێنەوارییەکان گوێزراونەتەوە بۆ ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی شوێنەوار بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر.
بەپێی ئامارەکان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاوەکو ئێستا 1150 شوێنی شوێنەواری دۆزراونەتەوە و تۆمار کراون، کە 180 شوێنیان دەکەونە دەڤەری برادۆست.