تەندروستیی دەربەندیخان: ئامێرەکانی شۆردنی گورچیلە چاککرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، ئەو ئامێرانەی سەنتەری شۆردنی گورچیلە کە لەکارکەوتبوون، ئەمڕۆ چاککرانەوە و بەکاردەهێنرێنەوە. دەشڵێت، بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر ئامێرەکان، داوای دابینکردنی چوار ئامێری نوێیان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە.
پێشتر چەند هاونیشتمانییەک لە دەربەندیخان پەیوەندییان بە رووداوەوە کردبوو و نیگەرانییان لەوە دەربڕیبوو، کە لە کۆی سێ ئامێری سەنتەری شۆردنی گورچیلەی قەزاکە، تەنیا یەکێکیان کار دەکات و ئەوەشیان خەریکە لەکار دەکەوێت.
چوارشەممە 3-12-2025 دکتۆر سازان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، لە سەنتەرەکەدا سێ ئامێر هەن، بەڵام بەهۆی زۆریی بەکارهێنانەوە تووشی گرفت ببوون.
دکتۆر سازان گوتی، ئەمڕۆ کۆمپانیای تایبەتمەند سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە و هەر دوو ئامێرەکەی گرفتیان هەبوو، چارەسەر کراون و خراونەتەوە خزمەت.
بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە بە تێکڕا حەوت بۆ هەشت نەخۆش شۆردنی گورچیلەیان لە سەنتەرەکە بۆ دەکرێت، هەرچەندە گرفتی ستاف و کارمەندیان نییە، بەڵام کێشەی کەمیی ئامێر و "ماندووبوونی ئامێرەکان"ـیان هەیە.
بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکە، دکتۆر سازان ئیبراهیم گوتی: "نووسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی کردووە تاوەکو داوا لە وەزارەتی تەندروستی بکەن چوار ئامێری نوێمان بۆ دابین بکەن، چونکە زۆر پێویستمان پێیانە."