ئەفغانستان لەبارەی هێرشی سەر پاسەوانی نیشتمانی لە واشنتن: هیچ پەیوەندییەکمان پێوەی نییە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، ئەو هێرشەی پیاوێکی ئەفغانی هەفتەی رابردوو کردی و دوو ئەندامی پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکای لە واشنتنی پایتەخت کردە ئامانج، رووداوێکە و هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەت یان گەلی ئەفغانستانەوە نییە. وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان گوتی، هێرشکارەکە "لە لایەن خودی ئەمریکییەکانەوە راهێنانی پێ کراوە."
 
رۆژی چوارشەممە 03-12-2025 ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان گوتی: "ئەمە رووداوێکە لەلایەن تاکەکەسێکەوە کراوە. ئەو کەسەی ئەم کارەی کردووە، لەلایەن خودی ئەمریکییەکانەوە راهێنانی پێکراوە. بۆیە ئەم رووداوە پەیوەندیی بە حکومەت یان گەلی ئەفغانستانەوە نییە."
 
ئەم لێدوانە یەکەم لێدوانی حکومەتی ئەفغانییە لەسەر ئەو هێرشەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە واشنتن روویدا و بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی گەنجی پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا و برینداربوونی هاوکارەکەی.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، رەحمنوڵڵا لاكانوالی تەمەن 29 ساڵ، هێرشکارەکەیە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێ کرا و بریندار بوو، لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا لەسەر جێگەی نەخۆشخانە، خۆی بە بێتاوان داناوە.
 
لاكانوال ئەندامی هێزێکی تایبەتیی ئەفغانی بووە، لەلایەن ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکاوە (CIA) بۆ شەڕکردن دژی تاڵیبان، پشتیوانی دەکرا.
 
ئەمیر خان موتەقی گوتی: "ئەوان (ئەمریکییەکان) راهێنانیان بەو پیاوە کردووە، ئەوان دایانمەزراندووە، ئەویش ئەفغانستانی بە شێوەیەکی نایاسایی و دوور لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەجێهێشتووە."
 
لاكانوال لە نیسانی 2025 و لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا مافی پەنابەریی وەرگرتبوو، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەکە رەخنەیان لە ئیدارەی بایدن گرتووە و ئەویان بە "کەمتەرخەمی" و رێگەدان بە چوونە ژوورەوەی، تۆمەتبار کردووە.