دۆگلاس سیلیمان : کردنەوەی کۆنسووڵخانە نوێیەکە بەرجەستەترین نموونەی هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە
رووداو دیجیتاڵ
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق بە رووداوی راگەیاند، کردنەوەی کۆنسووڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا لە هەولێر "بەرجەستەترین نموونەی هاوبەشیی بەهێزی" نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە و نیشانەی "پلانی درێژخایەنی" واشنتنە لە ناوچەکەدا. هاوکات پەیامێکی تووندی ئاراستەی بەغدا کرد و جەختی کردەوە کە "پێویستە گرووپە چەکدارەکان لە پۆستە باڵاکانی حکومەتی داهاتوودا بەشدار نەبن."
سەبارەت بە هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر، سیلیمان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، بە تووندی سەرکۆنەی کرد و گوتی: "ئەمە کارێکی قبووڵنەکراوە لەلایەن چەند گرووپێکەوە کە لە رووی تیۆرییەوە لەژێر سەرکردایەتیی حکومەتی عێراق و سەرۆکوەزیراندان، بەڵام روونە کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکەن."
ئەو دڵنیایی خۆی نیشاندا کە دەتوانرێت بکەران بدۆزرێنەوە و گوتی: "پاشماوەی چەکەکان ماونەتەوە، من دڵنیام دژەتیرۆر، دەسەڵاتدارانی دیکەی کوردستان و دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەتوانن سەرچاوەی چەکەکان و ئەو گرووپەی هێرشەکەیان کراوە، دەستنیشان بکەن. پێموایە گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان واشنتن و بەغدادا دەبێت بۆ ئەوەی هێرشکاران بهێنرێنە بەردەم دادگە."
پەیامی واشنتن: نابێت گرووپە چەکدارەکان پۆستی باڵایان هەبێت
سیلیمان جەختی کردەوە کە پەیامی ئیدارەی ترەمپ بۆ حکومەتی نوێی عێراق روونە و گوتی: "گرنگە کە ئەم گرووپە چەکدارانە لە پۆستە باڵاکانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا بەشدار نەبن. ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تووندی دژایەتیی یاسای حەشدی شەعبی کردووە، کە پێگەی هەندێک لەم گرووپانە بە پارەی حکومەت پتەوتر دەکات، بەبێ گەرەنتی ئەوەی فەرمانی حکومەت جێبەجێ بکەن. بۆیە پەیامی روون هەیە لە واشنتنەوە بۆ بەغدا."
ئەو گوتیشی، ئەم پرسە جێگەی نیگەرانیی سەرەکیی ئەمریکایە چونکە "گرووپە چەکدارەکان کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نین، لە بنەڕەتدا هۆکاری ناسەقامگیرین، ئەگەر پێیانوابێت دەتوانن هێرش بکەنە سەر کۆرمۆر، پێیانوایە دەتوانن هێرش بکەنە سەر ئامانجی دیکەش."
کۆنسووڵخانەی هەولێر؛ نیشانەی پابەندبوونی درێژخایەنی ئەمریکا
باڵیۆزی پێشوو بە پەرۆشەوە باسی کردنەوەی کۆنسووڵخانە نوێیەکەی ئەمریکای لە هەولێر کرد و بە "بەرجەستەترین نموونەی هاوبەشیی بەهێز" وەسفیکرد. "روونە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت لەڕێگەی ئەم باڵەخانەیەوە بەردەوامی بە پەیوەندییە بەهێز و درێژخایەنەکەی لەگەڵ کوردستاندا بدات."
سیلیمان یادەوەریی دانانی بەردی بناغەی کۆنسووڵخانەکەی گێڕایەوە و گوتی: "من زۆر بە پەرۆشم، چونکە حەوت ساڵ لەمەوبەر ئەو شەرەفە گەورەیەم هەبوو کە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکات، بەردی بناخەی ئەم باڵەخانە نوێیە دابنێم. لەوکاتەدا دەمانزانی کە ئەمە هێمایەکی گرنگی پەیوەندییەکانی ئەمریکایە لەگەڵ کوردستان." گوتیشی، "قەبارە گەورەکەی و بوونی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کارمەندان، نیشانەی ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پلانێکی بەهێز و درێژخایەنی لە کوردستاندا داناوە."
سیلیمان بەداخەوە باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کرد و ئاشکرای کرد، کە چەندینجار هەوڵی نێوەندگیریی داوە. "کاتێک باڵیۆز بووم، پێموایە 20، 30، 40 جار گەشتم بۆ هەولێر و سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی هەوڵ بدەم پارتی و یەکێتی قایل بکەم کە ئەو ناکۆکییە رێژەیی و کەمانەی جیایان دەکاتەوە، چارەسەر بکەن."
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا جەختی کردەوە: "زۆر گرنگە، بەتایبەتی کە بەغدا هەوڵی پێکهێنانی حکومەت دەدات، کە ئەگەر هەڵوێستێکی یەکگرتووش نەبێت، هاوکاری و حکومەتێکی کارا لە هەولێر هەبێت. بۆیە هانیان دەدەم چارەسەری سازان بدۆزنەوە و رێکبکەون، چونکە ئەوە دەیانخاتە پێگەیەکی بەهێزترەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، سیلیمان رایگەیاند، واشنتن یەکلاکەرەوە نابێت، بەڵام مەرجی خۆی هەیە. "ئەمریکا دەستوەرناداتە هەڵبژاردنی بەربژێرێکی دڵخواز، بەڵکو هەوڵدەدات دڵنیابێتەوە لەوەی کەسێک دەبێتە سەرۆکوەزیران کە ئامادەبێت لەگەڵمان کار بکات. دەمانەوێت کەسێک ببینین کە ئامادە بێت لەگەڵ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان کار بکات بۆ باشترکردنی دۆخی هەموو عێراق."
سیلیمان گوتیشی: "پێموایە واشنتن یەکلاکەرەوە نابێت. هەرێمی کوردستان و دەنگەکانی پارتی و یەکێتی رەنگە توانای زیاتریان هەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو کێ دەبێت."
گەورەترین ئاڵنگاری: شەڕی داعش بوو نەک سیاسەت
دۆگلاس سیلیمان رایگەیاند کە گەورەترین ئاڵنگاری لەو ماوەیەی لە عێراق بووە، شەڕی داعش بووە. "من لەوێ بووم لە کاتی هێرشکردنە سەر موسڵ. زۆربەی سەرنجی من کارکردن بوو لەگەڵ پێشمەرگە، دژەتیرۆر و سوپای عێراق. سوپاس بۆ خوا سەرکەوتوو بووین، بەهۆی هەوڵی گەورەی ئەوان و پشتیوانیی هاوپەیمانان. زۆر دڵخۆشم کە ئەوە شەڕێکی سەرکەوتوو بوو لە دژی داعش."