سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان کرد و کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس له‌ دۆخى گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان کراوە، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئەمریکا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، مه‌ترسييه‌كانى داعش، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، تەوەری ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.
 
هه‌ڵسوڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئەمریکا له‌ عێراق و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان، ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.
 
مایکڵ ریگاس ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر و بڕیارە بەشداری لە کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی بکات لە هەولێر.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، تێچووی پڕۆژەی دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە هەولێر 796.1 ملیۆن دۆلارە. ئاماژە بەوەش دەکات، لەنێو باڵەخانە نوێیەکەدا 7 ئاژانس و وەزارەتی ئەمریکی کارمەندیان دەبێت و کاری تێدا دەکەن.
 
کونسووڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا لە 6ی تەممووزی 2018 بەردی بناخەی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کات و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان و دوگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەو کاتی ئەمریکا لە بەغدا دانرا.
 
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، رۆژی سێشەممە 02-12-2025 لە بەغدا پێشوازیی لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی دۆخی سووریا و ئێران و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کردووە، کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، هاوکات جەختی لە "پێویستیی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە پارێزگای بەسرە" کردەوە.