نێچیرڤان بارزانی: ناناوەندی بۆ سووریا گرنگە
رووداو دیجیتاڵ
قەنتە ئەحمەد لە نووسینێکدا کە لە گۆڤاری سپێکتەیتەر ئوسترالیا بڵاویکردووەتەوە، تیشکی خستووەتە سەر داهاتووی سووریا لەژێر سەرکردایەتیی نوێدا و تێڕوانینەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەمبارەیەوە گواستووەتەوە.
سپێکتەیتەر ئوسترالیا کە وەشانی ئوسترالیی گۆڤاری بەناوبانگی سیاسی و کولتووریی بەریتانی سپێکتەیتەرە، لە ئۆکتۆبەری 2008 دەستی بە کارەکانی کردووە و جگە لە وەرگرتنی تەواوی نێوەڕۆکی گۆڤارە بەریتانییەکە، شرۆڤە و گوتاری تایبەت بە سیاسەتی ئوسترالیا و جیهانیش بڵاودەکاتەوە.
قەنتە ئەحمەد ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە پەرۆشی و وردییەوە چاودێریی پێشهات و کارەکانی سەرکردایەتیکردنی سووریا لەلایەن ئەحمەد شەرع دەکەن کە وەکو ئیسلامییەکی سوننە و جیهادییەکی پێشوو، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە هاوکێشەی سیاسیی ناوچەکەدا دروستکردووە.
قەنتە باسی لەوە کردووە، ئەم گۆڕانکاری و هاوپەیمانییەتییانە کاریگەری قووڵیان بۆ عێراقیش دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە: ''ئەحمەد شەرع دوایین دەرفەتە بۆ سووریا" و ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ناناوەندی دەسەڵات بۆ سووریا زۆر گرنگە.''
گۆڤارەکە دەڵێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام گوتوویەتی، کریستیان، دروز، ئێزدی، عەلەوی، کورد، عەرەبی سوننەی سێکولار و هەموو لایەنەکانی دیکە دەبێت بەتەواوی و بەبێ جیاوازی نوێنەرایەتییان لە سووریای نوێدا بکرێ.
قەنتە ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرتاسەری عێراق و ناوچەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسراوە.
سەبارەت بە چارەنووسی هێزە چەکدارەکانی وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ: ''ئەو هێزانە قوربانی لە رادەبەدەریان داوە و ناتوانن بە سادەیی چەک دابنێن، جلوبەرگی سەربازی لاببەن و بە تاکەکەسی تێکەڵ بکرێنەوە بەبێ ئەوەی گەرەنتیی بۆ تێکەڵکردنەوەیان هەبێت.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ''کاتێک ئەحمەد شەرعم بینی، باسی هەڕەشەی بەردەوامی داعش و گرنگیی بەشداریکردنمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کرد."
رۆژی 11-04-2025 لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لە تورکیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا کۆبووەوە و لەبارەی دۆخی سووریا قسەیان کرد.
قەنتە ئەحمەد، پزیشک، نووسەر، توێژەری باڵایە لە کۆڕبەندی ژنانی سەربەخۆ و ئەندامی هەمیشەیی Council on Foreign Relations (CFR)ـیە.