مەلاکانی کرماشان ئامادەیی بۆ جیهاد دژی سعودیە رادەگەیێنن

رووداو- کرماشان

لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، زانایانی ئایینی شیعە دژی لەسێدارەدانی نەمر باقر ئەلنەمر، گردبوونەوەی ناڕەایەتییان کرد.

گردبوونەوەکە لە حەوزەی عیلمییەی (ئیمام خومەینی) شاری کرماشان بەڕێوەچوو و تێیدا وێڕای ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی ئەلنەمر، دروشمی "مەرگ و نەمان بۆ ئالی سعود، مەرگ و نەمان بۆ وەهابی و ئەمریکا و ئیسرائیل" یان بەرزکردەوە.

زانایانی شیعەی کرماشان ئامادەیی خۆیشیان بۆ جیهاد راگەیاند، ئەگەر بێتو عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران فەرمانیان پێبکات.

هەروەها ئەنجوومەنی مامۆستایانی ئایینی سوننە و دەستەی فتوای سوننەکانی کرماشان، بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراو، داوای یەکێتی و یەکڕیزی نێوان موسڵمانانیان کردووە تا "رێگە بە سەرکەوتنی پیلانی نوێی دووژمنانی یەکێتی جیهانی ئیسلام" نەدەن.

پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەندی ئایین و ئایینزاکانی ئێران ناسراوە. زۆربەی کوردانی ئەو پارێزگایە پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن کە زۆرینەیان شیعە و کەمینەیان سوننە مەزهەبن. بەشێکی کوردانی کرماشان شوێنكەوتووی ئایینی یارسانن و کەمینەیەکیش ئایینی جوو و زەردەشتی پەیڕەو دەكەن.