لە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلدا ژمارە 'جوانەکان' چییان بەسەردێت؟
رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک تابلۆی ئۆتۆمبێل هەن، کە ژمارەکانیان بە جوان و تایبەت ناسراون و مامەڵەیان پێوەدەکرێت. گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوە لەبارەی ئەو ژمارانە دەدات و دەڵێت: "هەمان ژمارەی پێشوویان پێدەدرێتەوە".
هەندێک ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت، بەتایبەت ئەوانەی یەک ژمارە یان دوو ژمارە و سێ ژمارەن، یان هاوشێوەکانیان، بە نرخێکی زۆر گران دەفرۆشرێنەوە. ئێستا لەگەڵ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان باس لە چارەنووسی ئەو ژمارانە دەکرێت.
عەمید ئەسعەد کەریم، گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کڕین و فرۆشتنی تابلۆکانی ئۆتۆمبێل پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاتووچۆی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە و خەڵک خۆی لە بازاڕەکاندا ئەوەی کردووە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ژمارانەی بە "جوان" دەناسرێن و کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە، عەمید ئەسعەد گوتی: "کاتێک تابلۆ دەگۆڕدرێت، ئێمە هەمان ژمارەی ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلە دەدەینەوە کە بەناوییەوە تۆمارکراوە، بەڵام بێگومان جیاوازیش دەبێت لە رابردوو".
سەبارە بە جیاوازییەکان، گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، "ئەگەر ئێستا یەک تابلۆی ژمارە (1) لە هەولێر هەبێت، ئەوکاتە دەبێتە چەند تابلۆیەکەی ژمارە (1)، چونکە دوای 99 هەزار، دەبێتە پیت، بۆ نموونە A1 و B1".
سەبارەت بە هەژمارکردنی هەڵەبجە وەکو پارێزگا لە گۆڕانکاریی ژمارە و تابلۆکاندا، عەمید ئەسعەد گوتی، هەڵەبجەش ژمارەی خۆی دەبێت.
عەمید ئەسعەد زانیاری لەبارەی تابلۆ نوێیەکە ئاشکرا کرد و گوتی: "سێ ژمارەی تێدایە، یەکێکیان ساڵەکەیەتی، دووەمیشیان ژمارەی پارێزگاکەیە و لە ژێرەوەشیان ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە دەنووسرێت، بەگشتی تابلۆکە پانییەکەی 16 سانتیمەتر دەبێت و درێژییەکەی 32 سانتیمەتر دەبێت، ژمارەی پارێزگاکانیش جیاوازە، بۆ نموونە پارێزگای هەولێر ژمارە 22ی هەیە، پارێزگای سلێمانی ژمارە 21، پارێزگای هەڵەبجە ژمارە 23 و پارێزگای دهۆکیش ژمارە 24 ی دەبێت".
پڕۆژەی یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان و عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرەتا لە تابلۆی ئۆتۆمبێلی کاتییەوە دەستیپێکردووە. بە گوتەی عەمید ئەسعەد، پاش ماوەیەکی دیکە دەست بەگۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دەکرێت و بڕی 30 هەزار دیناریش بۆ هەر تابلۆیەک وەردەگیرێت.
هەموو تابلۆکانی عێراق هاوشێوەدەبن، تەنیا ئەوەی هەرێمی کوردستان فسفۆڕێکی هاتووچۆی گشتیی هەرێمی کوردستانی تێدا دەبێت، لەگەڵ پیتەکانی KR کە ئاماژەن بۆ هەرێمی کوردستان.