کۆچکردنی خێزانەکان و کەسانی بەتەمەن لە هەرێمی کوردستان هەڵدەکشێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆچکردنی خێزانەکان و کەسانی تەمەن سەروو 45 ساڵ لە هەرێمی کوردستانەوە چەندین بەرامبەری ساڵانی رابردوو زیادیکردووە.
رۆژی سێشەممە 03-01-2023، بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەری فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەوان لە ساڵی 2022دا 19200 هاونیشتمانی بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە کە لەو ژمارەیە 90٪یان گەنج و 10٪ەکەی دیکەشیان خێزان بوون.
بەکر عەلی گوتیشی: "ساڵانی رابردوو، ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان سەروو 45 ساڵ بوو تەنها رێژەی 2٪ی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستانیان پێکدەهێنا، بەڵام لە ساڵی 2022 ئەو رێژەیە بۆ نزیکەی 10٪ بەرزبووەتەوە."
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022دا لەو 19 هەزار و 200 هاونیشتمانییەی کۆچیان کردووە ژمارەیەکی بەرچاویان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون.
هەر لە بەرنامەکەدا کە مژارەکەی تایبەت بوو بە پرس و داتا مەترسیدارەکانی کۆچی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان، موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی: "قاچاخچییەکان لە بەغدا، هەولێر و سلێمانی نووسینگەیان هەیە. ئەوان لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراودا بە ئاشکرا نووسینگەیان هەیە، بەڵام حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگرییان لێ ناکەن."
بە گوتەی موسەننا ئەمین، فاکتەری سەرەکی کۆچکردنی گەنجان لە هەرێمی کوردستان نەبوونی دەرفەتی کارە و ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە وەبەرهێن و خاوەن کارەکانیش بەهۆی گوشاری حیزبەکانەوە ناچاربوون رێگای کۆچکردن هەڵبژێرن.