ترەمپ بۆ سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا: کارە دروستەکە نەکەیت بە دەردی مادورۆت دەبەین
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی تووندی لە دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا کرد و رایگەیاند، ئەگەر هاوکاریی واشنتن نەکات، "باجێکی زۆر گەورە" دەدات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا نیکۆلاس مادورۆیان دەستگیرکرد و رەوانەی زیندانیان کرد.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی کورتدا لەگەڵ گۆڤاری (The Atlantic) گوتی: "ئەگەر ئەو (رۆدریگێز) کارە دروستەکە نەکات، باجێکی زۆر گەورە دەدات، کە رەنگە لە هی مادورۆش گەورەتر بێت."
ئەم هەڕەشەیەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2025، وڵاتانی بەڕازیل، چیلی، کۆڵۆمبیا، مەکسیک، ئۆرۆگوای و ئیسپانیا، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دژایەتیی خۆیان بۆ هەر هەوڵێکی دەرەکی بە مەبەستی "کۆنترۆڵکردنی" ڤەنزوێلا دەربڕی. ئەو وڵاتانە رەتکردنەوەی خۆیان بۆ لادانی مادورۆ پیشاندا و نیگەرانیی قووڵیان دەربڕی بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە سرووشتییەکان و نەوتی ئەو وڵاتە.
لە ناوخۆی ڤەنزوێلاش، ڤلادیمیر پادرینۆ، وەزیری بەرگری لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا پشتیوانیی سوپای بۆ بڕیارێکی دادگەی باڵا دەربڕی کە دێلسی رۆدریگێزی وەک سەرۆکی کاتی بۆ ماوەی 90 رۆژ دیاری کردووە. پادرینۆ داوای لە هاووڵاتیان کرد چالاکییە ئابووری و پەروەردەییەکان ئاسایی بکەنەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی رۆدریگێز، دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناوبراو لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسەی کردووە و "ئامادەیە ئەوەی پێویست بێت بیکات." بەڵام رۆدریگێز دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، بە هەڵوێستێکی پێچەوانەوە دەرکەوت و رایگەیاند: "تەنیا یەک سەرۆک لەم وڵاتە هەیە، ئەویش نیکۆلاس مادورۆیە" و هێرش و کارەکانی ئەمریکای بە "دەستدرێژیی دڕندانە" وەسف کرد.
دیمیتری مێدڤیدیڤ، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رووسیا سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمریکا لە ئێکس نووسی، "تیمی ترەمپ لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا بێباکن و لادانی مادورۆ هیچ پەیوەندییەکی بە ماددەی هۆشبەرە نییە و تەنیا بۆ نەوتە". گوتیشی، "بەرپرسانی ئەمریکا دانیان بەوەدا ناوە کە لادانەکە بۆ نەوتە"
بەگوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری نەوت و گازی نێودەوڵەتی، کۆی یەدەگی جیهان لە نەوت نزیکەی 1.73 تریلیۆن بەرمیل نەوتە. لەو بڕە ڤەنزوێلا زۆرترینی هەیە کە 303.22 ملیار بەرمیلە و ئەمەش دەکاتە 17.52٪ی نەوتی یەدەگی جیهان.