بەفری چۆمان وەرزشوانانی کورد و جیهان کۆدەکاتەوە
رووداو - چۆمان
لە پڕژەی قەزای چۆمان سێیەمین فێستیڤاڵی بەفر بە بەشداری ٩ یاریزانی سکیی نێودەوڵەتی، ئەمەریکی و ئەوروپی و ئوستڕاڵی و هەروەها ١١ یاریزانی سکیی کورد بەرێوە چوو، ئامانج لە
فیستیڤاڵەکە ناساندنی بنەماکانی کەرتی گەشتیاریی زستانەی باشووری کوردستانە، لە فێستیڤاڵەکەدا گەشتیار و ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانێکی روویان کردە چۆمان و بینەری یارییە پڕ سەرکێشییەکان بوون.
فێستیڤاڵەکە پر بوو لە نمایشی سەرکێشیی خلیسکانێی سەر بەفر، بە دریژایی ٦ کیلۆمەتر کێبڕکێ لە سەر پلەی یەکەم کرا، لە نێو یاریزانەکانیشدا ژمارەیەک کوردیش بەشداربوون.
لە ئەنجامیشدا وەرزشوانێکی ئوستڕالی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
کێبرکێی یاریزانە کوردەکانیش ئەنجامدرا و لە پێنجوێن، سۆران و چۆمان بەشداربوو هاتبوون، کە ماوەی رکابەرییەکە سێ کیلۆمەتر بوو، سکییوانانی پێنجوێن بردیانەوە.
فێستیڤال لە ژێر چاودێری قائیمقام، گەشتوگوزاری چۆمان بوو، ڤی ئای گرووپیش رێکیانخستبوو.
تەواوی ئەو یاریزانانە پێشتر وەکو گەشتیار هاتبوونە ناوچەکە و ساڵانە بە خۆبەخشی بەشداری فێستیڤاڵیان کردووە، هاوکات بۆ ئەمساڵ راهێنان بە ٢٠ کەسی چۆمان دەکرێت بۆ ئەوەی ببنە سکیوانی.
ماوەی سێ ساڵی لە سەریەکە فێستیڤاڵی بەفر لە چۆمان ئەنجامدەدرێت، بۆ ئەمساڵ لە پڕژە کرا، ئەو شوێنەی هیچ وەرزێک بەفری لێ نابرێ.
داڕشتنەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا