بەرپرسێکی ئەمنیی سلێمانی: بە 3 ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 15 چەکدار هەڵیانکوتایە سەرم

 
رووداو - سلێمانی

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لە گەڕەکی بەرانانی سلێمانی، تەقە لە ماڵی بەرپرسێکی ئەمنی کرا کە بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون.
 
دەمەقاڵەی نێوان کوڕی موقەدەم شێخاڵ محەممەد، ئەفسەر لە لیوای سێ هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتنی سلێمانی و کوڕی ئەندامێکی مەکتەب سیاسیی یەکێتی لەسەر دەستشکاندنەوەی ئۆتۆمبێل، گرژیی لێکەوتەوە.
 
شێخاڵ محەممەد، ئەفسەر لە لیوای سێی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن بە رووداوی گوت "من و منداڵەکانم لە وەرزشکردن دەگەڕاینەوە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلە دەستی شکاندەوە سەرمان و ئێمەش قسەمان پێ گوتن، ئەوانیش دیارە قسەکانیان پێ هەزم نەکراوە و دواتر بە سێ ئۆتۆمبێل کە زیاتر لە 15 چەکدار بوون، هەڵیانکوتایە سەرمان و لە من و دایکم و کوڕەکەشیان دام و زیاتر لە 200 فیشەکیان تەقاندووە".
 
موقەدەم شێخاڵ دوای رووداوەکە سکاڵای تۆمارکردووە و چاوەڕوانی بەدەنگەوەهاتنی بەرپرسانی سلێمانی دەکات.
 
شێخاڵ محەممەد باسی لەوەش کرد "داوا لە باوکی ئەو کوڕە دەکەم کە تەقەی لێ کردووین، تەقەکەرەکان بدات بەدەستەوە و رادەستی یاسایان بکات، داواشم لە بەرپرسانی پەیوەست بە دۆخەکە کردووە هەوڵی چارەسەری کێشەکە بدەن بەپێی یاسا".
 
لەکاتی تەقە کردنەکەدا، هاونیشتمانییەک کە بەو کۆڵانەدا تێپەڕیوە، بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی شار لەژێر چاودێریدایە.
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، پۆلیسی سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە و بە گوتەی موقەدەم شێخاڵ سەرەڕای ئەوەی تەقەکاران ناسراون، بەڵام دەستگیر نەکراون.