قایمقامی هەولێر: بەمزووانە کارگەیەکی گەورەی ریسایکلین دادەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
"بەمزوانە بەمەبەستی کۆکردنەوەی خاشاک بەشێوەیەکی تەندروست و زانستی، کارگەیەکی گەورەی ریسایکلین لە هەولێر دادەنرێت و لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لیژنەی تایبەتمەند بۆ ئەم مەبەستە پێکهاتووە". ئەمە گوتەی قایمقامی هەولێرە لە بەرنامەیەکی تۆڕی میدیایی رووداودا.
قایمقامی هەولێر لەبارەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک دەڵیت، ئێستا زۆربەی گرفتەکانی رابردوو چارەسەرکراون و زبڵ و خاشاک، بە شێوەیەکی رێکوپێک لە کانی قرژاڵە ژیرخاک دەخرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ''لە هەولێر لە داهاتوویەکی نزیکدا کارگەی ریسایکلین وەکو چارەسەری بنەڕەتی دادەندرێت".
ئەمڕۆ (شەممە، 04-02-2023) نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیای رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ''رۆژانە زیاتر لە هەزار و 900 بۆ دوو هەزار تۆن زبڵ و خاشاک لە هەولێر کۆدەکرێتەوە و لە نزیک کانی قڕژاڵە ژێرخاک دەخرێت''.
زیاتر لە 300 دۆنمی زەوییەکانی کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە بە زبڵ پڕبووەتەوە، لەکاتێکدا زبڵخانەکە تەنیا دوو کیلۆمەتر لە کۆمەڵگەکەوە دوورە، بەو بەهۆیەشەوە گرفتی زۆر بۆ دانیشتووانی کانی قرژاڵە دروستبووە و ناڕەزایی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.
بەگوتەی قایمقامی هەولێر، بەهۆی ئەوەی هەموو شوێنەکان ئاوەدانن، ناتوانن شوێنی فڕیدانی زبڵ بگوازنەوە، "چونکە پێشتر کانی قرژاڵە ئامادەکراوە، گواستنەوەی زبڵخانە بەو شێوە سەرەتاییە، چارەسەری گرفتی هاووڵاتییان ناکات''.
نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوە دا ئەو گرفتانەی لە ماوەی رابردوودا هەبوون، لە رێگەی تیمەکانی شارەوانی و ئەو ئامێرانەی دابینکراون، چارەسەر کراون، دەشڵێ ''ئێستا زبڵ و خاشاک بە شێوەیەکی رێکوپێک ژێرخاک دەخرێت و ئەو دووکەڵەی بەهۆی سووتاندنی زبڵ هەبوو، بەشێکی زۆری چارەسەرکراوە''.
قایمقامی هەولێر جەخت دەکاتەوە لەوەی چارەسەری سەرەکی بۆ گرفتی زبڵ و خاشاک لە هەولێر، دانانی کارگەی ریسایکلینە، دەشڵێت، بۆ پڕۆژەی ریسایکلین بودجەیەکی زۆر دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت، ''لەبەر ئەوەی هەولێر پڕۆژەیەکی زۆر گەورەی پێویستە، ناتوانین بەراوردی بکەین بە شوێنێک کە کارگەی ریسایکلینی هەیە''.
نەبەز عەبدولحەمید ئاشکرای کرد، پڕۆژەی ریسایکلین لە هەولێر دەدرێتە کەرتی تایبەت و گوتی، ''ئێستا ئەم بابەتە لە پرۆسەی تەندەرینگدایە و گرنگی پێدراوە، وەزارەتی شارەوانی لەلایەن لیژنەکانەوە کە بۆ ئەم مەبەستە پێکهاتوون، کاری لەسەر دەکەن و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا چارەسەر دەکرێت''.
لە هەرێمی کوردستان کۆکردنەوەی زبڵ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دراوە بە کەرتی تایبەت و هەر شارێک لەلایەن کۆمپانیایەک یان زیاترەوە زبڵەکەی کۆدەکرێتەوە. زبڵ و خاشاکی هەولێریش لەلایەن شەش کۆمپانیا کودەکرێتەوە، خەرجییەکانی ئەو شەش کۆمپانیایە بەگشتی ملیارێک و 650 ملیۆن دینارە کە مانگانە لەلایەن حکومەتەوە شایستەکانی خۆیان وەردەگرن.