کەشناسیی هەرێمی کوردستان: بارانبارین بەردەوام دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت. کەشناسێکیش دەڵێت، ئەو شەپۆلی باران و سەرمایەی نزیکەی سێ هەفتەیە ناوچەکەی گرتووەتەوە، رۆژی سێشەممە کۆتایی دێت و رۆژی چوارشەممە کەشێکی بەهارە دروست دەبێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-02-2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە تەواوی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت، سەرەتا لە پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و پاشان هەولێر و سلێمانی و لە شەودا کاریگەریی لاواز دەبێت.
 
ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنی پلەی گەرما نزیکەی چوار پلە دادەبەزێت. لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممەوە کەشناسی دەڵێت، "ئاسمان بەردەوام هەور دەبێت لەگەڵ بارانبارین بە شێوەی نمەبارانی پچڕ پچڕ، دوای نیوەڕۆ دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند لەگەڵ بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکان."
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەپۆلی بارانبارینی ئەمڕۆ و سبەی کاریگەریی زیاتری لەسەر سنووری سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر دەبێت.
 
ئەو کەشناسە گوتی، ئەو شەپۆلانەی باران و سەرما کە نزیکەی سێ هەفتەیە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت. گوتیشی، "رۆژی چوارشەممە پلەی گەرما، نزیکەی 10 پلە بەرز دەبێتەوە و نیوەڕۆیان کەشێکی بەهارە دروست دەبێت و هەست بە گەرما دەکرێت؛ دوای ئەوەش باران ببارێت بارانی بەهارە دەبێت."
 
پلەی گەرمای شارەکان بۆ رۆژی دووشەممە:
 
هەولێر: 10 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 8 پلەی سیلیزی
دهۆک: 7 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 11 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 9 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 9 پلەی سیلیزی
سۆران: 6 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: -2 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 14 پلەی سیلیزی