پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بۆ رووداو: گیانلەدەستدانی قوتابییەکە بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە بووە
رووداو دیجیتاڵ
تریفە محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی راپۆرتە پزیشكییەكان گیانلەدەستدانی قوتابییەکە بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە بووە؛ "رووداوەکە هیچ پەیوەندی بە گازی سۆپاوە نییە."
بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی گوتیشی کە "هیچ قوتابییەک نەبردراوەتە نەخۆشخانە."
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژهەڵات لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادوەری دەرکەوت کە کۆچی دوایی ئەم قوتابییە ئازیزەمان بەهۆی گازی سۆپاوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی نەخۆشییەوە بووە، هەروەها هیچ قوتابیەک لە سنووری پەروەردەکەمان تووشی تەنگەنەفەسی نەبووە و نەبراون بۆ نەخۆشخانە."
پێشتر، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، "گیانلەدەستدانی لەوەند بەهۆی گازی سۆپاوە نەبووە و بەهۆی نەخۆشییەوە بووە."
جێگری پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت، "دەستبەجێ لەگەڵ بیستنی ئەم هەواڵە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان راسپارد کە بە زووترین کات لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن و پشت بە راپۆرتی پزیشکی ببەستن."
کاروان عەلی، باوکی منداڵەکە رایگەیاند، کوڕەکەیان هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و رەتیکردەوە بەهۆی گازی سۆپاوە گیانی لەدەستدابێت؛ "خوا هێناویەتی و خوا بردییەوە."
منداڵەکە ناوی لەوەندە، لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتییە و تەمەنی 12 ساڵە. باوکی منداڵەکە بە رووداوی راگەیاند، بەیانی خۆی نان و چای بە منداڵەکەی داوە و گۆڕیویەتی و بردوویەتیە قوتابخانە، دواتر لە نەخۆشخانەیەکەوە تەلەفۆنی بۆ کراوە کە سەردانیان بکەن، کاتێک چووەتە ئەوێ زانیویەتی کوڕەکەی گیانی لەدەستداوە. لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەشیەوە گوتی، چاوەڕێی راپۆرتی داد پزیشکیی سلێمانییە.