باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لێپرسینەوە لە هێرشکارانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی رۆژی 2ـی ئەم مانگە بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات و، داوا دەکات حکومەتی عێراق لێپرسینەوە لە بکەرانی بکات.
رۆژی سێشەممە، (4ـی شوباتی 2025) باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە ئێکس بڵاویکردەوە، "سەرکۆنەی هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لێپرسینەوە لە بەرپرسانی هێرشەکە بکات."
ئەو راگەیێندراوەی باڵیۆزخانەکە لەکاتێکدایە ئێوارەی یەکشەممە، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ. بە گوێرەی راگەیێندراوێکی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان، هێرشەکە لەلایەن "گرووپە میلیشیا و یاساشکێنەکانەوە کرا.''
هەریەک لە کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر دا دەکەن، کە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەتی گاز.
دوێنێش، کۆمپانیای دانەگاز راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند هێرشەکە "هیچ بریندارێکی لەنێو کارمەندان لێنەکەوتەوە و هیچ زیانی بە شوێنەکانی بەرهەمهێنان نەگەیاند."
دانە گاز ئاماژەی بەوە کرد، بەرهەمهێنانی گاز "بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە، لەژێر رێکاری ئەمنیی تەواو بۆ پاراستنی سەلامەتیی هەموو کارمەندان و سامانەکان."
لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی ئەو جۆرە گازەیە کە بە شێوەی سەربەخۆ لە ناخی زەویدایە.
هەفتەی رابردوو، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا رایگەیاندبوو، کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە 600 کەس تێیدا کار دەکەن، رۆژانە 530 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەمدەهێنێت و لە ماوەی ساڵێکدا دەیگەیێننە 750 ملیۆن پێ سێجا.
هاوکات عەبدوڵڵا قازی، سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق، کە لە کێڵگەی کۆرمۆر کار دەکات، گوتی، لەگەڵ ئەو بڕە گازە، رۆژانە 16 هەزار بەرمیل مادەی چڕەوەبوو و 1100 تۆن گازی شلیش بەرهەمدەهێنن.
سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان ئەوەیە؛ بەرهەم بگەیێندرێتە ئاستێک کە کارەبای 24 کاژێری بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.