کۆمپانیایەکی چینی کارگەی بەستنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، کۆمپانیایەکی چینی کارگەیەکی بەستنی ئۆتۆمبێل لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. جێگری سەرۆکی ژوورەکە دەڵێ، ئامانجیان دامەزراندنی کارگەیەکی گەورەی پیشەسازییە لە ئایندەیەکی نزیکدا.
مەعرووف عەزیزخان هەرکی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، رۆژی چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "گرووپی کۆمپانیاکانی IATـی چینی بە مەبەستی وەبەرهێنان لە کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل سەردانیان کردین، رێککەوتنی سەرەتایی کراوە بۆ دەستپێکردنی کارگەی بەستنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر."
مەعرووف عەزیزخان هەرکی گوتی: "گرووپی کۆمپانیاکانی IATـی چینی کە لە بواری دروستکردنی پارچەی یەدەگ و دیزاینکردنی ئۆتۆمبێل کاردەکات، پڕۆژەیەکی گەورەی بۆ دامەزراندنی کارگەی بەستنی ئۆتۆمبێل پێشکێش کردووە. ئەوان کارەکانیان لە چین ئەنجامدەدەن و دواتر پارچەکان دێننە کوردستان".
مەعرووف عەزیزخان هەرکی رایگەیاند: "رێککەوتنی سەرەتایی کراوە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی کارگەکە و هەنگاوی دواتر تەرخانکردنی بودجەیە. دوای وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی پەیوەندیدار، وەبەرهێنەرێک پڕۆژەکە دەگرێتە ئەستۆ."
سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو کۆمپانیایە، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر گوتی: "پڕۆپۆزەڵی زۆرمان پێشکێش کرا، بەڵام گرووپی IAT بەرهەمەکانی لەسەر خواستی بەکاربەر و بە کوالێتییەکی بەرز دابین دەکات. هەرێمی کوردستانیش پێویستی بەم جۆرە کارگە پیشەسازییانەیە."
شاندە چینییەکە کە لەلایەن ئەمیر سەعدەتی، بەڕێوەبەری بازرگانی لە گرووپی IAT سەرۆکایەتی دەکرێ و بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە پەراوێزی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ئۆتۆمبێل (ئۆتۆشۆ) کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدەن.
مەعرووف عەزیزخان هەرکی گوتی، "ئامانجی سەرەکی و ستراتیژی ئەوەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا کارگەیەکی گەورەی تایبەت بە بەستنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێ؛" هەروەها ئامادەیی ژووری بازرگانی نیشاندا بۆ پێشکێشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە.
گروپی IAT یەکێکە لە کۆمپانیا ناسراوەکانی چین لە بواری توێژینەوە، پەرەپێدان و دیزاینکردنی ئۆتۆمبێل و پارچە یەدەگەکان، ئێستاش دەیانەوێ لە رێگەی هەولێرەوە چالاکییە پیشەسازییەکانیان لە ناوچەکە فراوانتر بکەن.