سوپای عەرەبیی سووریا لەسەر سنووری شنگالە و حەشد و یەبەشە کەوتوونەتە ئامادەییەوە


رووداو - شنگال

گەیشتنی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر سنووری شنگال، جموجووڵێکی زۆری خستووەتە نێو هێزە سەربازییەکانی ناوچەکە. حەشدی ئێزدی و حەشدی شەعبی لەو هاوسنوورییە نیگەرانن و کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە.
 
خال عەلی، فەرماندەی فەوجی لالشی حەشدی شەعبی بە رووداوی راگەیاند: "خەڵکی ناوچەکە هەموو ئامادەن هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان بکەن. ئێزدییەکان باش دەزانن 10 ساڵ لەمەوبەر چییان بەسەرهات، بۆیە ئەمڕۆ بە هەموو هێز و توانایەکیانەوە ئامادەی پاراستنی ناوچەکەیانن."
 
فەرماندەکەی حەشد نیگەرانیی خۆی ناشارێتەوە و دەڵێت: "ئەوان بوونەتە دەوڵەتێک، هەرچەندە نەماندەویست ببنە دراوسێمان، بەڵام بەبێ ویستی ئێمە بوونەتە دراوسێ."
 
هادی ئەلیاس، گوتەبێژی راگەیاندنی یەبەشە جەخت لە ئامادەیی هێزەکانیان دەکاتەوە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014 و دەڵێت: "هێزەکانمان لە شنگال ئامادەن رێگری لە هەر کۆمەڵکوژییەک بکەن. تاوەکو ئێستا مەترسییەکی ئەوتۆ نییە و هیچ هەنگاوێکیان بەرەو ئێمە نەناوە، بەڵام دەبێت مرۆڤ هەمیشە ئامادە و هۆشیار بێت."
 
ترس و نیگەرانی تەنیا لای هێزە سەربازییەکان نییە، بەڵکو باڵی بەسەر دانیشتووانی شنگالیشدا کێشاوە. دەخیل مچۆ، هاونیشتمانییەکی شنگالە و دەڵێت: "لەسەر ئاستی ئەمنی تاوەکو ئێستا شتێک نییە، بەڵام داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین وریا بن."
 
سەعد حەمۆ، چالاکڤانی شنگالی هۆشداری دەدات مەترسییەکە تەنیا بۆ سەر شنگال نییە: "دەوڵەتانی دەوروبەری سووریا هەموویان لە مەترسیدان؛ ئەگەر ئەمڕۆ لە رۆژئاوا تەواو بوون، سبەی دێنە عێراق و دووسبەی بۆ وڵاتانی دیکە."
 
ئازاد حوسێن، هاونیشتمانییەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات هەفتەی رابردوو ترس زیاتر بوو: "سوپای عەرەبیی سووریا لەسەر سنووری عێراق جێگیر بوون و حکومەتی عێراق و هێزەکانیش لێرە جێگیرن." مازن خەلیل-یش هاوڕایە "بێگومان ترسێک لای خەڵکی ئێمە پەیدا بووە، بەڵام دەبێت هەمیشە ئامادە بین."
 
قەزای شنگال نزیکەی 80 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە. لە ساڵی 2015 و دوای تێکشکاندنی داعش، ئەم سنوورە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوو.