رێگەی زیاتر لە 800 گوندی لوڕستان بەهۆی بەفرەوە گیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان دەڵێ، بەهۆی بەفرەوە رێگەی زیاتر لە 800 گوندی پارێزگاکە گیراوە و دۆخی کارەبا لە بەشێک لە گوندەکان خراپە.
رۆژی چوارشەممە، 4ی شوباتی 2026، مەهدی پازوکی، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە رۆژی سێشەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین پارێزگاکەی گرتووتەوە و بەو هۆیەوە رێگەی 877 گوند لە سنووری شارەکانی دلفان، بروجێرد، ئەلیگودەرز و ئەزنا گیراوە."
مەهدی پازوکی گوتی: "بەهۆی بارینی بەفرەوە دۆخی کارەبا لە هەندێک ناوچەدا زۆر خراپە. بەهۆی زۆری بەفرەوە گوشار لە سەر کێبڵی کارەبا دروستبووە و کارەبای بەشێک لە گوندەکان و شاری ئەلیگودەرز پچڕاوە."
بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی بەفربارینەوە ئینتەرنێت و رێگەکانی پەیوەندیکردن لە بەشی زۆری گوندەکان بەردەست نییە.
لە رۆژی سێشەممەوە بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و کەشناسیی ئێران دەڵێ، کەشەکە تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێ.