رۆمیۆ هەکاری: تەنیا لە هەرێمی کوردستان بۆچوونی دژ بە پێکهاتەکان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن دەڵێت: "لە بابەتی هەڵبژاردندا نامانەوێت هیچ لایەنێکی سیاسیی کوردی لە بڕیاری پێکهاتەکاندا دەستوەردان بکات". ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا پشتیوانیی لایەنە سیاسییەکانیان دەوێت و ''ئێستا تەنیا پارتی پشتیوانیی خۆی بۆ ئێمە دەربڕیوە.''
رۆژی شەممە، 04-03-2023، رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی و جەعفەر موبەشیرنیا پێشکێشی دەکەن، رایگەیاند: ''ئێمە نیگەرانین. بۆچی دەبێ پێکهاتە بکرێن بە کێشەی سەرەکیی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ رێکنەکەوتن لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان؟''
رۆمیۆ هەکاری جەختی لەوە کردەوە کە دژی سیستمی فرەبازنەیی هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەکان هەڵوێست دەگرن و ''رازی نابین و تەنانەت لەوانەیە هەموومان لە هەڵبژاردنەکە بکشێینەوە.''
رۆژی 28-02-2023، بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەولێر کۆبوونەوە و لەسەر بابەتەکانی سیستمی چوار بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری و داتاکانی حکومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی کوردسییەکان بەسەر بازنەکاندا رێککەوتن و ئێستا بابەتی پێکهاتەکان وەکو گرێکوێرەی نێوان پارتی و یەکێتی ماوەتەوە.
سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن ئاماژەی بەوە کرد، ''تەنیا لە هەرێمی کوردستان و یەکەمجارە دژی پێکهاتە ئەم بۆچوونە هەیە، لە کاتێکدا پێکهاتەکان رۆڵێکی ئیجابییان بۆ چارەسەریی کێشەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە.'' دەشڵێت، ''سیستمی کۆتا لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتاران بەرەو ئاقارێک دەڕۆن کە باس لە کەمکردنەوەی کورسیی پێکهاتەکانیش دەکەن.''
سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن گوتیشی، ''هەر چۆن ئەو مافە بە خۆم نادەم بڵێم ئەم کوردە لەم حیزبەدا نوێنەری راستەقینەی خەڵکی خۆی نییە، هیچ حیزبێکی کوردیش نابێ مافی ئەوە بە خۆی بدات و بڵێت، پێکهاتەکان نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵکی خۆیان ناکەن.''
رۆمیۆ هەکاری لەبارەی تۆماری دەنگدەرانی پێکهاتەکان روونکردنەوە دەدات و دەڵێت ''کە لە هەرێمی کورستان باس لە پێکەوەژیان دەکرێت، رەنگە ئەو کوردانەی دەیانناسم و برادەرمن، لە پێکهاتەکانیش زیاتر بن، ئەوانە برادەرن و هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی دەنگ بە هەر کەس کە بیانەوێت بدەن.'' دەشڵێت، ''با لایەنە سیاسییەکان وازمان لێبهێنن خۆمان رێکدەکەوین.''
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە 02-03-2023 پەخشکرا گوتی: "یەکێتی پێیوایە ئەو 11 کورسییە لەسەر سینییەکی زیڕین پێشکێش بە لایەنێک کراون"؛ بۆیە داوا دەکات "پێکهاتەکان بە دەنگی خۆیان ببنە ئەندامی پەرلەمان نەک کورسیی تایبەتییان بۆ تەرخانبکرێت.''
سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن لەوبارەوە گوتی، ''لەخولی دووەمی پەرلەمان داوام کرد سندووقی تایبەت، رۆژێک و تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆمان هەبێت، بەڵام یەکەم کەس نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە گوتی ئەمە دژی مافی مرۆڤە.''
رۆمیۆ هەکاری گوتیشی: ''ئێستا تەنیا پارتییە کە دەڵێت هەر بڕیارێک پێکهاتەکان لەسەری رێکبکەون، ئێمە پشتیوانی لێدەکەین و ئێمەش هەر ئەو پشتیوانییەمان دەوێت.''
رۆمیۆ هەکاری ئاماژەی بەوەش کرد، پێکهاتەکان لەسەر ئەوە رێککەوتوون هەڵبژاردنەکەیان یەک بازنەیی بێت، لەبەر ئەوەی ''پرسی دابەشبوونی دانیشتووانی ئێمە و خوشک و برا تورکمانەکان وەکو دانیشتووانی کورد نییە کە لە هەموو شوێنێک هەبن''. گوتیشی، پێداگری لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەکانیش دەبێ فرە بازنەیی بێت،' 'قبووڵکراو نییە.''
بڕیار بوو ئەمڕۆ بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر خاڵە ناکۆکەکان کۆببنەوە، بەڵام دواخرا.
یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەی بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ نێوان دوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆی لەسەر بکرێت شێوازی دەنگدان بۆ 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان بوو لە پەرلەمانی کوردستان، کە یەکێتی داوا دەکات چوار کورسییان بۆ پارێزگای سلێمانی بن و پارتیش دەڵێت، بۆچوونیان لەگەڵ بۆچوونی پێكهاتەکاندایە.
رۆژی شەممە، 4ـی ئاداری 2023، لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دواخستنی کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رزگار حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی کەمێک نەخۆشە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی نێو بەشی هەڵبژاردنی پارتی دەستی کەوتووە، چاوەڕوان دەکرێت هەردوولا رۆژی دووشەممە کۆببنەوە.