کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی سەرەکیی هەولێر - دهۆک دەکەوێتەکار


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە ئەمشەوەوە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە بەشی زۆری سەر رێگەی هەولێر-دهۆک بکەونە کار. پێشتریش کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە زۆرینەی رێگە سەرەکییەکان لە هەرێمی کوردستان دانراون و شەقامەکان بەو کامێرایانە کۆنترۆڵ کراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 04-03-2024، هاتووچۆی دهۆک بڵاویکردەوە، رێگەی نێوان هەولێر و دهۆک بە تەواوی کەوتووەتە ژێر چاودێریی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ و لە بەشێکی رێگەکە کامێراکان تیژڕۆیی تۆمار دەکەن. 
 
لە 10ـی ئادارەوە لەنێوان ناحیەی رۆڤیا بۆ پردی چەمە، کە بەشێکی دیکەی رێگەی نێوان هەولێر-دهۆکە، کامێراکان دەخرێنەکار.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پێشتری هاتووچۆی هەولێر، کاژێر 12:00ـی ئەمشەو 04ـی ئاداری 2024، کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی هەولێر–دهۆک، کە دەکەوێتە بەرامبەر گوندی گەزنە، تاوەکو پردی چەمە، دەکەونە کار و بە فەرمی سەرپێچی تۆمار دەکەن.
 
بەرزترین خێرایی رێگەپێدراو لە رێگەی هەولێر–دهۆک بۆ ئۆتۆمبێلە بچووکەکان 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش لە 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێک زیاتر بڕوات، سزا دەدرێت.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 19ـی شوباتیشەوە کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی شەقڵاوە – قەندیل کە دەکەوێتە نێوان قەزاکانی شەقڵاوە و ئاکرێ کەوتوونەتە کار.
 
هەروەها لە 20ـی شوباتەوە کامێراکانی چاودێریی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی قەزای شێخان و ناحیەی رۆڤیا کەوتوونەتەکار.
 
لە 21ـی شوباتیشەوە کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچیی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لەنێوان هەولێر و قەزای خەبات کەوتوونەتە کار.
 
خێرایی رێگەپێدراو لەو رێگەیانەدا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و بۆ بارهەڵگریش 80 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.
 
لە ساڵی رابردووەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان چەندین کامێرای چاودێریی خێرایی تیژڕۆیی نوێی لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک داناوە.
 
ئەو رێگەیانەی بە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کۆنترۆڵکراون:
 
- سلێمانی – دووکان
- هەولێر - دهۆک
- هەولێر/ شەقامی 120 مەتری
- پردێ – هەولێر (رێگەی کەرکووک)
- شەقلاوە – هەولێر
- شەقڵاوە - قەندیل
- هەولێر - خەبات
 
جگە لە کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی تیژڕۆیی، چەند جۆرێکی دیکەی کامێرا بۆ هەمان ئامانج دانراون یان رۆژانە دادەنرێن، لەوانە کامێرای جێگیر کە لە یەک خاڵدا خێرایی تۆمار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارەو لە رێگەیەکدا دایدەنێن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لە بەرزیی نرخی سزای سەرپێچییەکان، کە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 230 هەزار دینار.