بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی: هەڵبژاردن نەکرێت، دادگەی فیدراڵی دەزگاکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق بە چەند قۆناخێک وردبینی لە لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لە وادەی دەستنیشانکراوی خۆیدا نەکرێت، لە قۆناخی داهاتوودا دادگەی فیدراڵی رەوایەتیی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە.
 
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند، دادگەی فیدراڵی قەیرانی مووچەی هەرێمی کوردستانی چارەسەرکرد و بەپێی بڕیارەکە، فەرمانبەران و مووچەخۆران لە بەسرەوە تاوەکو زاخۆ بە یەک خشتە و یەک سیستم و شێواز مووچە وەردەگرن.
 
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەوەدا نەبوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشبکات، بەڵام ناچارە پابەندبێت بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی."
 
بە گوتەی یاروەیس حکومەتی عێراق تێبینیی لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بوونی ناوی دووبارە هەیە و گوتی: عێراق پێشتر تێبینییەکانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە لەبارەی خاوێنی لیستی مووچەخۆران، هەربۆیە وەزارەتی دارایی عێراق بە چەند قۆناخێک وردبینیی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات."
 
کاروان یاروەیس رەتیکردەوە کە ئەو وردبینییە کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست بکات و گوتی: "وردبینیی لیستەکە گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە دروست ناکات و هەرکات وردبینییەکە تەواوکرا ئەگەر کەسێک دوو مووچەی وەرگرتبێت ئەوا لێی وەردەگیرێتەوە."
 
"مەترسییە گەورەکە"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق باسی گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و گوتی: "دەستنیشانکردنی رۆژی  هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بڕیارێکی زۆر گرنگ بوو."
 
کاروان یاروەیس پێیوایە، ئێستا هەرێمی کوردستان لە هەستیارترین قۆناخی سیاسیی خۆیدایە و دەڵێت: "ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت، ئەوا مەترسییەکی زۆر گەورە هەیە کە دادگەی فیدراڵی عێراق شەرعیەتی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە."
 
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانى هه‌رێمی بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد، کە رۆژى 10-6-2024ـە.