ئاوی دەریاچەی ورمێ 6 سانتیمەتر زیادی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاوی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەراورد بە کاتی هاوشێوەی ساڵی رابردوو 6 سانتیمەتر زیادی کردووە.
مەجید رەستگاری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاوی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئێستا ئاستی ئاوی دەریاچەکە 1280 مەترە، ساڵی رابردوو 1220 مەتر بووە و رووبەری دەریاچەکەش 90 کیلۆمەتر زیادی کردووە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، قەبارەی ئاوی دەریاچەی ورمێ ئێستا یەک ملیار و 630 ملیۆن مەتر چوارگۆشەیە، بەراورد بە کاتی هاوشێوەی ساڵی رابردوو 160 ملیۆن مەتر چوارگۆشە زیاترە.
رەستگاری ئاماژەی بەوەش کرد، رێژەی بارانبارین لە پارێزگای ورمێ بەراورد بە ساڵی رابردوو 39% کەمیکردووە. دەشڵێت، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی زیاترین ئاو بۆ خواردنەوە تەرخان بکرێت و ئاوی کەرتی کشتوکاڵ کەم بکەنەوە.
لەبارەی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای ورمێ، ئەو بەرپرسە دەڵێت، ئاوی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە بەراورد بە کاتی هاوشێوەی ساڵی رابردوو 17% کەمیکردوو، زیاترین کەمبوونەوەکانیش تایبەتە بە بەنداوەکانی بۆکان و مهاباد کە 53% کەمیان کردووە. بەنداوی حەسنلوش ئاوەکەی 16% کەمیکردووە.